عێراق هەوڵەکانی بۆ چوونە ناو ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی بە پاڵپشتی ئەمریکا چڕدەکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
02:21 - 15/07/2026
ئابوری
+
-

مستەفا عانی، وەزیری بازرگانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی کۆشکی سپی بە پلەی یەکەم جەختیان لەسەر هاوکاری ئابووری و هاوبەشی داهاتووی نێوان بەغدا و واشنتن کردووەتەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد کە محاورە و گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ پەیوەستبوونی عێراق بە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی.

 

وەزیری بازرگانی لە لێدوانێکدا ئاشکرایکرد: "یەکێک لە وێستگە هەرە گرنگەکانی ئەم سەردانە، کۆبوونەوەی ناو کۆشکی سپی بوو لە نێوان عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە تێیدا چەندین دۆسیەی پەیوەست بە هاوکاری و هاوبەشی داهاتووی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێکران، لەگەڵ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگاکانی نەهێشتنی ئاستەنگەکان لە بەردەم وەبەرهێنەرانی ئەمریکی". ئەوەشی خستەڕوو کە شاندە فەرمییەکەی حکومەت دەستەبژێرێک لە سەرمایەداران و بازرگانانی عێراق لەخۆدەگرێت بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کەرتی تایبەتی عێراقی و ئەمریکی، بڕیاریشە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ژووری بازرگانی ئەمریکا بۆ هەمان مەبەست ئەنجام بدرێت.

 

سەبارەت بە بەرەوپێشچوونە ئابوورییەکان، عانی ئاماژەی بەوەکرد کە شاندەکە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای ئەمریکی تایبەتمەند لە بوارەکانی ئاودێری، گواستنەوە و ئۆتۆمبێل کۆتایی پێهێناوە، بە مەبەستی خزمەتکردنی کەرتی کشتوکاڵ و جوتیارانی عێراق. وتیشی: "وەزارەتی بازرگانی سەرۆکایەتی لایەنی عێراقی دەکات لە ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکی-عێراقی سەبارەت بە بازرگانانی عێراق، کار بۆ کاراکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنانەش دەکرێت کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کراون بۆ ئەوەی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە".

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری بازرگانی جەختیکردەوە کە عێراق لە گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی ساڵی ڕابردوودا سەرجەم مەرجەکانی پەیوەستبوونی بە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی تەواوکردووە و تەنها چاوەڕێی دەنگی وڵاتانی ئەندامە، بۆیە لەم سەردانەدا داوای پاڵپشتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراوە بۆ ئەو پرۆسەیە. لە کۆتاییدا باسی لەوە کرد کە کەرتی نەوت و وزە تەوەرێکی سەرەکی ئەم گەشتەن و چەندین گرێبەست لەلایەن وەزارەتەکانی نەوت و کارەباوە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆ دەکرێن، هاوکات سندوقی گەشەپێدانیش ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی نوێ و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و شارەزایی ئەمریکی بۆ عێراق.

 

73 جار خوێندراوەتەوە