قەبارەی بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق دەگاتە 200 ترلیۆن دینار

KNN : Kurdish News Network
12:46 - 16/07/2026
ئابوری
+
-

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، قەبارەی بودجەی ساڵی (2027) بە نزیکەی 200 ترلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت. لەو بڕەش 50 ترلیۆن دیناری بۆ "بودجەی بەرنامە و پڕۆژەکان" تەرخان کراوە، کە بە هەنگاوێکی مێژوویی بۆ بەستنەوەی خەرجییەکان بە ئەنجامەکانەوە دادەنرێت.

 

عودەی عەواد، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە، ئەم مۆدێلە نوێیەی بودجە وەک تاقیکردنەوە سەرەتا لە وەزارەتی کارەبا و پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیوانییە جێبەجێ دەکرێت. هاوکات محەمەد بەلداوی، سەرۆکی لیژنەی پلاندانان ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێچەوانەی بودجەی تەقلیدییەوە، ئەم جۆرە بودجەیە پێشوەختە ئامانجەکان دیاری دەکات و چاودێرییەکی توند بەسەر خەرجییەکاندا مسۆگەر دەکات.

 

لە لایەکی دیکەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی، ئەم گۆڕانکارییەی بە قۆناغێکی نوێ وەسف کرد، بەو مەرجەی بە دروستی جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە گەندەڵی بکرێت. پێشبینیشی کرد لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا پرۆژەیاسای بودجە ڕەوانە بکرێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی داراییدا جێبەجێ بکرێت.

260 جار خوێندراوەتەوە