وەزارەتی کارەبا: 1974 مێگاوات کارەبای نوێی خراوەتە ناو تۆڕی نیشتمانییەوە

KNN : Kurdish News Network
01:21 - 09/07/2026
ئابوری
+
-

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاشکرایکرد کە بەهۆی فراوانکردنی پرۆژەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزەوە، زیاتر لە هەزار و 900 مێگاوات کارەبای نوێ بەرهەمهێنراوە، ئەمەش بووەتە هۆی کوژاندنەوەی شەش هەزار مۆلیدەی ئەهلی لە گەڕەکەکان و دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ زۆرینەی هاوبەشەکانی تۆڕی نیشتمانی.

 

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە، لەپێناو ڕێکخستنەوەی تۆڕی کارەبا و کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانی هاوڵاتییان، توانراوە یەک هەزار و 974 مێگاوات کارەبای نوێ بخرێتە ناو تۆڕی نیشتمانییەوە؛ کە لە وێستگەکانی خورماڵە، هەڵمیی خەبات، گەرمیان، بازیان، دێرەلووک و سەرچاوەکانی وزەی خۆر بەرهەمهێنراون. ئاماژەی بەوەشکردووە کە کارەبا گەیەندراوەتە 575 هەزار هاوبەشی نوێ و لە 90٪ی هاوبەشان کارەبای بەردەوامیان پێدەدرێت.

 

سەبارەت بە سێکتەرەکانی گواستنەوە و دابەشکردن، وەزارەتی کارەبا ڕوونیکردووەتەوە کە 61 پرۆژەی گواستنەوە بە گوژمەی زیاتر لە 372 ملیۆن دۆلار، هەروەها سێ هەزار و 880 پرۆژەی دابەشکردن بە گوژمەی نزیکەی 260 ملیار دینار لە سەرتاسەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێکراون.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتەکە جەختی لە نەهێشتنی سەرپێچییەکان کردووەتەوە و ئاشکرایکردووە کە 62 هەزار و 688 سەرپێچیکار لەسەر تۆڕی کارەبا لادراون. لە ڕووی داراییشەوە، بەهۆی هەموارکردنەوەی گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی کارەباوە، ساڵانە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم گەڕێندراوەتەوە.

118 جار خوێندراوەتەوە