بانکی ناوەندی رێکاری نوێی بۆ پێدانی دۆلار راگەیاند

KNN : Kurdish News Network
03:20 - 08/07/2026
ئابوری
+
-

بانکی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە (8ی تەمووزی 2026)، ڕێنماییەکی ڕێکخستنی نوێی لەبارەی میکانیزمی دابینکردنی پێداویستیی دراوی بیانی (کاش) بۆ ئەو هاوڵاتییانە دەرکرد کە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن، بەپێی ڕێنماییە نوێیەکەش سەقفی پشکی نەقدیی گەشتیاران بۆ دوو هەزار دۆلاری ئەمریکی لە مانگێکدا کەمکرایەوە، لەکاتێکدا پێشتر سێ هەزار دۆلار بوو.

 

ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریداوە ئەم ڕێنماییە نوێیانە لە چوارچێوەی پاکێجێکی چاکسازیی ڕێکخستندا جێبەجێ بکات، بە ئامانجی زامنکردنی گەیشتنی دراوی بیانی بە دەستی هەموان، ئەمەش بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی سەقامگیریی بازاڕی نەختینەیی و بەرزکردنەوەی کارایی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان.

 

بانکی ناوەندی جەختی کردووەتەوە کە ئەم ڕێکارانە تەنها ڕێکخستنین و لە چوارچێوەی بەهێزکردنی تواناکانی بانکەکەدا دێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان بە کارایی و بەردەوامی، لەپاڵ هاوتەریببوون لەگەڵ پەرەسەندنی جیهانی لە سیستمی پارەداندا، ئەوەش لە ڕێگەی هاندانی بەکارهێنانی کارتەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی (چ چەشنی متمانەیی یان پێشوەختە بارکراو) وەک ئامرازێکی سەرەکی و پارێزراو بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی گەشتکردن بۆ دەرەوەی عێراق.

 

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش ڕوونکراوەتەوە کە بەکارهێنانی هۆکارەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی نەرمی و ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاوڵاتییان لە کاتی گەشتەکانیاندا دابین دەکات و پرۆسەی گۆڕانکاری بەرەو ئابووریی دیجیتاڵی بەهێزتر دەکات، هاوکات لەگەڵ پێوەرە بانکییە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکان دەگونجێت بە شێوازێک کە پاڵپشتیی متمانە بە کەرتی بانکی دەکات و خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی ئابووریی وڵات دەگەیەنێت.

 

لە کۆتاییدا هاتووە، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی سیاسەتی بانکی ناوەندیدایە بۆ نوێکردنەوەی میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی دراوی بیانی، گونجاندنی بەکارهێنانی نەختینەیی، و فراوانکردنی پشتبەستن بە هۆکارەکانی پارەدانی هاوچەرخ، بە جۆرێک کارایی سیستمی دارایی بەهێز بکات و هاوتەریبی ئەو پەرەسەندنانە بێت کە بازاڕە بانکییە جیهانییەکان بەخۆیەوە دەبینن، بەبێ ئەوەی دەستکاری مافی هاوڵاتییان بکرێت لە بەدەستهێنانی پێداویستییەکانیان لە دراوی بیانی بەپێی ڕێسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان.

113 جار خوێندراوەتەوە