بەڕێوەبەرایەتیی
ڕێکخستنی پسووڵەی خۆراکی سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت دەکاتەوە،
ئەو خێزانانەی تا ئێستا کۆبۆنی خۆراکیان جیا نەکردووەتەوە و ژن و مێرد بە جیا
لەسەر پسووڵەی ماڵی باوکیان ناویان هەیە، بەهیچ جۆرێک داوای دەرکردنی کۆبۆنی تازە
نەکەن، چونکە مامەڵەکانیان ڕەت دەکرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە
ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی خێزانێک بتوانێت کۆبۆنی جیاواز بەدەست بهێنێت،
مەرجە سەرەتا بە هاوبەشی لەسەر یەک پسووڵە ناویان تۆمار کرابێت، بەپێچەوانەوە و
ئەگەر ژن و مێرد لەسەر یەک کۆبۆن ناویان نەبێت، داواکارییەکەیان قبوڵ ناکرێت.
سەبارەت بە
حاڵەتی کۆچی دوایی، بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونیکردەوە: "ئەگەر یەکێک لە
هاوسەرەکان کۆچی دوایی کردبێت، پێویستە وەفاتنامەکەی پێشکەش بکرێت، بە مەرجێک
پێشتر هەردووکیان لەسەر یەک پسووڵە ناویان تۆمار کرابێت".
هەروەها
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە حاڵەتی فرەژنی، تەنها دەکرێت یەکێک لە هاوسەرەکان
جیابکرێتەوە، ئەویش بە مەرجی ئەوەی سەرۆکی خێزانەکە خۆی لەگەڵیدا بێت. لە کۆتایی
ئاگادارییەکەدا هاتووە: "داوا لە هاووڵاتییان دەکەین تا کاتی بڵاوکردنەوەی
ڕێنمایی نوێ، سەردانیان نەکەن و مامەڵەی جیاکردنەوە پێشکەش نەکەن، چونکە سەرجەم
ئەو داواکارییانەی مەرجەکانیان تێدا نییە، ڕەت دەکرێنەوە".
203 جار خوێندراوەتەوە