هەر هاوبەشێکی پڕۆژەی ڕووناکی لە ماوەی 50 ڕۆژدا پارە نەدات کارەباکەی دەبڕدرێت

KNN : Kurdish News Network
12:07 - 15/07/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی کارەبا ڕایدەگەیەنێت، ماوەی 50 ڕۆژ بۆ پێدانی کرێی کارەبا لەلایەن هاوبەشانی پڕۆژەی (ڕووناکی)یەوە دیاریکراوە و هەر هاوبەشێک لەو ماوەیەدا پارەی پسوولەکەی نەدات، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کارەباکەی دەبڕدرێت

 

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هاوبەشانەی کە لە پڕۆژەی ڕووناکیدان، ئەگەر لەماوەی 50 ڕۆژی دوای دەرچوونی پسوولەکانیان پارەی کارەبا نەدەن، لەلایەن سیستەمەکەوە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دووچاری پچڕانی کارەبا دەبنەوە، تا ئەو کاتەی پارەی پێویستی سەرجەم پسوولەکانیان دەدەن. ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەم پرۆسەیە بەشێکە لە ڕێنماییەکانی وەزارەت کە لە ساڵی 2019 دەرچووە و ئێستا لەسەر هەموو هاوبەشانی پڕۆژەکە جێبەجێدەکرێت بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری و بەردەوامی پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، زۆربەی هاوبەشان لە کاتی خۆیدا پارە دەدەن، بەڵام بەشێکی کەم بەبێ پێدانی پارە کارەبایەکی بەرچاو بەکاردەهێنن، ئەمەش نادادپەروەرییە و بارگرانی لەسەر وەزارەت دروست دەکات. هاوکات داواش لە هاوبەشان دەکات قەرزی کۆن (پێش پڕۆژەی ڕووناکی) بدەنەوە، چونکە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو قەرزانەش دەبنە هۆی پچڕانی ئۆتۆماتیکی کارەبا

 

وەزارەتی کارەبا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ماوەی 50 ڕۆژەکە لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە پسوولەکە لە سەکۆی دیجیتاڵی (ئی-پسوولە) دەردەکەوێت. بۆ یارمەتیدانی هاوبەشانیش بۆ ئاگاداربوون لە کاتی پسوولەکانیان، دەتوانن لە ڕێگەی ماڵپەڕی پڕۆژەی ڕووناکی، یان سکانکردنی کیو ئاڕ کۆدی (QR) سەر پسوولەکە، یان پەیوەندیکردن بە ژمارە (1992 )، و هەروەها سەردانیکردنی هۆبەکانی فرۆشتنی وزەوە خۆیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە ئاگادار بکرێنەوە

لە کۆتاییدا وەزارەتەکە ئاشکرایکردووە، ئەگەر بەهۆی نەدانی پارەوە کارەبای هاوبەشێک بپچڕێت، دوای پێدانی بڕی پێویست لەڕێگەی (ئی-پسوولە)وە، لە کەمتر لە 24 کاتژمێردا کارەباکەی بۆ دەگەڕێتەوە

 

 

161 جار خوێندراوەتەوە