بەهۆی گەرماوە زیاتر لە 1200 کەس لە ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە

KNN : Kurdish News Network
02:43 - 27/06/2026
جیهان
+
-

کیشوەری ئەوروپا ڕووبەڕووی سەختترین شەپۆلی گەرمای تۆمارکراو لە مێژووی هاوچەرخیدا بووەتەوە، کە بەهۆی دیاردەی "قوبەی گەرمی"یەوە زیاتر لە هەزار و 200 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاریی چەندین وڵاتیش ئیفلیج بووە.

 

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، شەپۆلی گەرماکەی کۆتایی مانگی حوزەیرانی 2026، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 970 کەس بەهۆی جەڵتەی گەرما و پەککەوتنی ئەندامەکانی جەستەوە، کە زۆرینەیان کەسانی سەروو 65 ساڵ و کرێکارانن. لە هەمان کاتدا، زیاتر لە 259 کەسی دیکەش لە کاتی خۆفێنککردنەوەدا بەهۆی "شۆکی سەرما"وە خنکاون، کاتێک لە ترسی گەرما خۆیان فڕێداوەتە ناو ئاوی ساردی ڕووبارەکان، کە تەنیا لە فەڕەنسا 48 حاڵەتی خنکان بەو هۆیەوە تۆمارکراوە.

 

شەپۆلەکە کە لە ڕۆژئاوای ئەوروپاوە دەستی پێکردووە، چەندین پێوانەی مێژوویی شکاندووە؛ لە فەڕەنسا پلەی گەرما گەیشتووەتە 44.3 پلەی سەدی، لە ئەڵمانیا 41.3 پلە، لە ئیسپانیا سەرووی 42.7 پلە، و لە بەریتانیاش 37.1 پلەی سەدی تۆمارکراوە، کە بەهۆیەوە بۆ یەکەمجار هۆشداریی سوور بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ڕاگەیەندرا. هاوکات لە وڵاتانی نەمسا و هۆڵەنداش پلەکانی گەرما گەیشتوونەتە 40 پلەی سەدی. زانایانی کەشوهەواش ئاماژە بەوە دەکەن، نزیکەی 45٪ی شارە گەورەکانی ئەوروپا بەدەست دیاردەی تێکەڵاوبوونی شێداریی بەرز و گەرماوە دەناڵێنن کە ڕێگە نادات جەستەی مرۆڤ ئارەقە بکاتەوە.

 

قەیرانەکە کاریگەریی قورسی خستووەتە سەر ژێرخانی وڵاتان؛ بەهۆی گەرمبوونی ئاوی ڕووبارەکانەوە بۆ 25 پلەی سەدی، وێستگە ئەتۆمییەکانی سویسرا و فەڕەنسا ناتوانن سیستمی ساردکردنەوە بەکاربهێنن، بەوەش بەرهەمهێنانی کارەبا لە فەڕەنسا بەرێژەی 7٪ کەمبووەتەوە. هەروەها، بەرزبوونەوەی گەرمیی ڕووی زەوی بۆ سەرووی 50 پلەی سەدی، بووەتە هۆی خواربوونی هێڵەکانی ئاسن و وەستانی شەمەندەفەری نێودەوڵەتیی نێوان کۆڵن و پاریس، لە بەریتانیاش ئامێرە پزیشکییەکانی وەک (MRI) لەکارکەوتوون.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی (WMO)، ئەوروپا دوو هێندە خێراتر لە تێکڕای جیهان گەرم دادێت و ژێرخانی وڵاتەکانی کە بۆ زستانی سارد دروستکراون، بەرگەی ئەم گۆڕانکارییە ناگرن، هەربۆیە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، چەندین بۆنە و فێستیڤاڵی گەورەی ساڵانە لە فەڕەنسا، بەلجیکا و ئەڵمانیا هەڵوەشێندراونەتەوە.

79 جار خوێندراوەتەوە