بە فەرمی پۆستی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستاودەست کرا

KNN : Kurdish News Network
03:35 - 20/06/2026
عێراق
+
-

عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی ڕێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی کرد و جەختی لە بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان دەزگا ئەمنییەکان کردەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی دەوڵەت.


نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی ڕێوڕەسمی دەستاودەستکردنی پۆستی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی کرد، کە تێیدا پۆستەکە لە نێوان عەبدولکەریم عەبد فازڵ حوسێن بەسری، سەرۆکی پێشوو و باسم محەمەد یونس بەدری، سەرۆکی نوێی دەزگاکە ئاڵوگۆڕ کرا.


لە ڕێوڕەسمەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کردەوە لە جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانییەکانی بۆ پاراستنی ئاسایش و چەسپاندنی سەقامگیریی وڵات. هاوکات ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکی پێشووی دەزگاکەی کرد لە ماوەی کارکردنیدا و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ سەرۆکی نوێ خواست لە ئەرکەکانیدا.


زەیدی جەختیشی لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی کاری دامەزراوەیی و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان تەواوی دەزگا ئەمنییەکان کردەوە، بە ئامانجی قووڵکردنەوەی ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی دەوڵەت.

86 جار خوێندراوەتەوە