وەزارەتی نەوتی عێراق: دەست بە هەڵکەندنی بیری نەوت لە پارێزگاکانی باکوور دەکەین

KNN : Kurdish News Network
01:52 - 20/06/2026
عێراق
+
-

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 1978ـەوە، دەستیان بە هەڵکەندنی یەکەم بیری پشکنین لە پارێزگاکانی باکوور کردووە، ئەوەش لەپێناو زیادکردنی یەدەگی نەوت و غازی وڵات و پێشخستنی کەرتی ئابووری.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، تیمە هونەری و ئەندازیارییەکانی کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراقی، دەستیان بە کارەکانی هەڵکەندنی بیرێکی نوێی پشکنین لە قەزای ئامرلی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین کردووە. پڕۆژەکە بەپێی گرێبەستێکی سێقۆڵییە لە نێوان کۆمپانیای نەوتی باکوور، کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراقی و کۆمپانیای پشکنینە نەوتییەکان جێبەجێ دەکرێت.

 

باسم محەمەد خوزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، وەزارەتەکەی بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی بۆ دۆزینەوەی نەوت و غاز و بەهێزکردنی یەدەگی هایدرۆکاربۆنی. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم پڕۆژەیە وێستگەیەکی گرنگە بۆ بوژاندنەوەی کارەکانی پشکنین لەو ناوچانەدا پاش وەستانێکی زۆر.

 

وەزیری نەوت جەختی لەوەش کردووەتەوە کە زیادکردنی یەدەگی سەلمێنراوی نەوت و غاز، ئامانجێکی ستراتیژییە و پێگەی عێراق لەسەر ئاستی جیهان بەهێزتر دەکات، هەروەها نەرمی زیاتر بە وڵات دەبەخشێت لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتدا. لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی کارەکانیشدا، بەڕێوەبەرانی گشتیی هەردوو کۆمپانیای هەڵکەندن و نەوتی باکوور لەبری وەزیری نەوت ئامادە بوون.

83 جار خوێندراوەتەوە