سەرۆکی سوریا،
ئەحمەد شەرع، ڕوونکردنەوە لەسەر لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ دەدات سەبارەت بە
مامەڵەکردنی سوریا لەگەڵ حزبوڵای لوبنانی و ڕایدەگەیەنێت، کێشەیەکی قووڵیان لەگەڵ
حزبوڵا هەیە، بەڵام نایانەوێت تەواوی لوبنان لەناو بچێت، بەڵکو دەیانەوێت کێشەی
ئەو حزبە چارەسەر بکەن لەگەڵ پاراستنی قەوارەی لوبنان.
لە بارەی
قسەکانی سەرۆکی ئەمریکاوە، شەرع ئاماژەی بەوە کرد کە ترەمپ بێزاریی خۆی لە دۆخی
لوبنان دەربڕیوە و بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ وەستاندنی شەڕ، بۆیە پێشنیازی
کردووە کە ڕەنگە سوریا ڕۆڵی هەبێت لە گەڕان بەدوای چارەسەرێکی ئەمنیدا. وتیشی:
"لێدوانەکەی ترەمپ وا لێکدرایەوە کە بەیانییەکەی هێزەکانی سوریا دەچنە ناو
لوبنانەوە، بەڵام مەبەستەکە ئەوە نەبووە، بەڵکو سوریا دەتوانێت لە ڕێگەی دەوڵەت و
دامەزراوەکانی لوبنانەوە ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت."
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی سوریا جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکی
ئابووری لەگەڵ لوبنان دروست بکەن، نەک سەربازی. ڕوونیشیکردەوە کە پێشتر ڕێڕەوی
سەربازییان تاقیکردووەتەوە و کارەساتەکانیان بینیوە، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە
ڕێڕەوی ئابووری تاقیبکەنەوە. باسی لەوەش کرد کە سوریا خەریکە دەبێتە ناوەندێکی
ستراتیژی کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و پێویستە لوبنانیش سوود
لەمە وەربگرێت.
شەرع پرسیاری
ئەوەی کرد کە بۆچی دەبێت لوبنان هەمیشە ناچار بکرێت لە نێوان شەڕی ناوخۆ و شەڕی
ئیسرائیلدا یەکێکیان هەڵبژێرێت، و داوای دۆزینەوەی بژاردەی سێیەمی کرد بۆ گەیشتن
بە ڕێککەوتنێکی ناوخۆیی. هەروەها سەبارەت بە شەڕی ئەم دواییە وتی: "بە بڕوای
من، لەم جۆرە شەڕە بێهوودانەدا هەموو لایەنەکان دۆڕاون. ئێمە هەرگیز هانی ئەم
شەڕەمان نەداوە، بەڵکو هەوڵمان داوە ڕێگری لێ بکەین و دانوستانەکان بەردەوام بن."
سەبارەت بە
پێکهاتەی شیعە لە لوبنان، ئەحمەد شەرع دووپاتی کردەوە کە ئەو پێکهاتەیە زیاتر لە
هەر کاتێک پێویستی بە هەوڵی ڕزگارکردن هەیە و نابێت هیچ پێکهاتەیەکی لوبنان لەدەست
بدرێت، چونکە زیانە بۆ تەواوی ناوچەکە. جەختیشی لەوە کردەوە کە هاوڕا نییە لەگەڵ
ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت "هەموو شیعەکانی لوبنان حزبوڵان، یان حزبوڵا
نوێنەرایەتی هەموو شیعەکان دەکات."
532 جار خوێندراوەتەوە