سبەینێ پلەکانی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەکەن

KNN : Kurdish News Network
10:10 - 20/06/2026
کوردستان
+
-

بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، زانیارییەکانی تایبەت بە کەشوهەوای هەرێمی کوردستانی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما بە بەرزی دەمێننەوە، بەڵام بۆ سبەینێ پلەکانی گەرما ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن.

 

بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ شەممە (20ی حوزەیرانی 2026)، ئاسمان بەگشتی ساماڵ دەبێت، ئاراستەی با بەرەو باکووری ڕۆژئاوا دەبێت بە خێرایی 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. هەروەها مەودای بینین لە نێوان 9 بۆ 10 کیلۆمەتر دەبێت و پلەکانی گەرماش نزیک دەبن لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، کە تێیدا ناوچەکانی گەرمیان بە 46 پلەی سیلیزی بەرزترین پلەی گەرما تۆمار دەکەن و حاجی ئۆمەرانیش بە 30 پلە فێنکترین ناوچە دەبێت.

 

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ یەکشەممە (21ی حوزەیران)، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی هەندێک پەڵەهەور. پلەکانی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ، یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە، بە جۆرێک لە گەرمیان بۆ 45 پلە و لە هەولێر بۆ 42 پلە دادەبەزێت، خێرایی با و مەودای بینینیش تا ڕادەیەکی زۆر جێگیر دەبن و نزیک دەبن لە کەشی ئەمڕۆ.


40 جار خوێندراوەتەوە