بنەماڵەی ئەو ژنەی بەهۆی دەرزییەوە گیانی لەدەستدا هۆشداری لە پەردەپۆشکردنی دۆسیەکە دەدەن

KNN : Kurdish News Network
03:21 - 21/06/2026
کوردستان
+
-

بنەماڵەی ئەو ژنەی لە نەخۆشخانەیەکی کەلار گیانی لەدەستدا، هۆشداریی دەدەنە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئەگەری پەردەپۆشکردنی دۆسیەکە و داوای ئاشکراکردنی کەمتەرخەمییەکان دەکەن.

 

دوای ئەوەی ڕۆژی (16)ی ئەم مانگە، ژنێک بە ناوی "بێخاڵ جەبار عەبدولکەریم" لە نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیبی تایبەت بە ژنان و منداڵبوون لە کەلار گیانی لەدەستدا، کەسوکارەکەی ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت دەکەنەوە کە بەهیچ شێوەیەک لە هەق و مافی کچەکەیان خۆش نابن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە چاوەڕێی وەڵامی لیژنەکانی لێکۆڵینەوەن، بەڵام هۆشداریش دەدەن لەوەی ئەگەر هەوڵێک هەبێت بۆ پەردەپۆشکردن و بەلاڕێبردنی کەیسەکە، ئەوا لێکەوتەی خراپی دەبێت و "بە هەموو هێز و توانایانەوە هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدەن".

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، ئەو ژنە بەبێ پشکنینی پێشوەختە دەرزیی هەستیاریی بۆ کراوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە. لەسەر ئەم پرسە، ڕۆژی (19)ی مانگ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ بەپشتبەستن بە یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و ڕۆژی یەکشەممە دەستبەکاردەبن بۆ بەدواداچوون لە هۆکاری گیانلەدەستدانەکە.

 

تەندروستیی گەرمیان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ خێزانی قوربانییەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەلامەتیی گیانی نەخۆشان لە پێشینەی کارەکانیانە و بەدواداچوونی یاسایی و ئوسووڵیی پێویست بۆ ئەو ڕووداوە دەکەن.

51 جار خوێندراوەتەوە