فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، یەکخستنی سیستەم و ڕێکارە گومرگییەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ ڕێڕەوی چاکسازیی ئابووری و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، یەکخستنی ئەو سیستەمە دەبێتە هۆی توندوتۆڵکردنی چاودێری بەسەر جوڵەی کاڵا، کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی خۆدزینەوە لە باج، هەروەها بەهێزکردنی شەفافیەت و یەکخستنی زانیاری و ڕێکارەکان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان
ئەو لێدوانەی وەزیری دارایی هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان دەستەی گشتیی گومرگی عێراق و دەستەی گومرگی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ لە بەغدا بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو. ئامانج لە کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی جیهانیی "ئەسیکۆدا - ASYCUDA" بوو لە بنکە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان
لە کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندن بۆ لایەنە هونەری و کارگێڕییەکانی ئەو سیستەمە کرا کە لە ئێستادا لە دەروازەکانی حکومەتی فیدراڵی کاری پێدەکرێت، هەروەها هەردوو شاندەکە واژۆیان لەسەر کۆنووسێکی هاوبەش کرد کە کۆمەڵێک ڕاسپاردە و ڕێکاری جێبەجێکردن لەخۆدەگرێت بۆ پەیڕەوکردنی سیستەمەکە لە هەرێمی کوردستان. بڕیاریشە کۆنووسەکە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری بکرێت بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.
170 جار خوێندراوەتەوە