مەزهەر محەمەد
ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، گەشبینیی خۆی بەو پلانە
دەربڕی کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی وڵات
دایناوە و ڕایگەیاند، زەیدی جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ گەڕانەوەیەک بۆ بودجەی
پشتبەستوو بە تاکە سەرچاوەی داهات (فرۆشتنی نەوت) نییە.
مەزهەر محەمەد
ساڵح لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "جێگەی شەرمە تاوەکو ئەمڕۆش
هەندێک لە بەرهەمە نەوتییەکان هاوردە دەکەین، سەرەڕای پشتبەستنمان بە فرۆشتنی
نەوتی خاو. لە کاتێکدا ئەگەر بەرمیلێک نەوتی خاو بخرێتە پرۆسەکانی پیشەسازی و
گۆڕینی بۆ بەرهەمە نەوتییەکان، بەهاکەی بۆ نزیکەی حەوت هێندەی نرخەکەی خۆی بەرز
دەبێتەوە و پێدەچێت نرخی یەک بەرمیلیش دوای گۆڕینی بۆ بەرهەمە نەوتییەکان 400
دۆلار تێپەڕێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی داهاتە داراییەکانی بودجەی گشتیی
دەوڵەتی عێراق."
ساڵح ئاماژەی
بەوەش خستەڕوو، "سەرۆک وەزیران وەک کەسێکی شارەزای کەرتی ئابووری، کار بۆ
کاراکردنی لایەنە ئابوورییە هەمەجۆرەکانی وڵات دەکات و عەقڵیەتی ئابووریش دەگۆڕێت،
چونکە زەیدی خاوەنی دیدگایەکی گەنجانەیە و بە پلانگەلێک هەنگاو دەنێت کە توانای
بوژاندنەوەی ئابووریی هاووڵاتیی عێراقی هەبێت، کە ئەمەش کەمترین مافی هاووڵاتییانە."
ئابووریی عێراق
بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت کە زۆرترین ڕێژەی سەرچاوەکانی
بودجەی گشتی پێکدەهێنێت، لە کاتێکدا عێراق بەردەوامە لە هاوردەکردنی بەشێک لە
پێداویستییەکانی لە بەرهەمە نەوتییەکان، سەرەڕای ئەوەی یەدەگێکی گەورەی نەوتی
هەیە. لە ساڵانی ڕابردووشدا حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان چەندین پلانیان
خستووەتەڕوو بۆ پەرەپێدانی کەرتی پاڵاوتن و پیشەسازییە پترۆکیمیاییەکان بە ئامانجی
زیادکردنی بەهای نەوتی خاو و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردن.
143 جار خوێندراوەتەوە