وەزارەتی نەوتی عێراق: کورتهێنانی بەنزین چارەسەردەکەین و نرخەکەشی لە وڵاتانی دراوسێ کەمترە

KNN : Kurdish News Network
10:32 - 13/06/2026
عێراق
+
-

وەزارەتی نەوتی عێراق دەنگۆی تێکەڵکردنی جۆرەکانی بەنزین بەمەبەستی گرانفرۆشتنیان ڕەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرۆسەکە تەنها ڕێکارێکی هونەرییە، لە هەمان کاتیشدا کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان ئاشکرای دەکات کە بەهۆی کشانەوەی کۆمپانیاکانەوە، قەبارەی بەنزین پێنج ملیۆن لیتر کەمیکردووە.

 

کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی دۆخی ناوچەکە و ڕووداوە ئەمنییەکانەوە ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان کشاونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی پێنج ملیۆن لیتر بەنزین.
کۆمپانیاکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە و چارەسەرکردنی قەیرانەکە، لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بەنزین لە دەرەوە هاوردە دەکەن، هاوکات پابەندبوونی تەواوەتیی خۆشیان بە سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران دووپاتکردەوە و ڕایانگەیاند کە بەهیچ شێوەیەک بەنزین لەو وڵاتەوە هاوردە ناکەن.

 

لە لایەکی دیکەوە، نووسینگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکانی وەزارەتی نەوت، لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەڵامی ئەو زانیارییانەی دایەوە کە لەلایەن شرۆڤەکارێکی ئابوورییەوە لە کەناڵی (عەهد) سەبارەت بە تێکەڵکردنی بەنزینی نۆرماڵ و موحەسەن و فرۆشتنیان بە نرخێکی گرانتر بە هاوڵاتییان بڵاوکرابوونەوە.

 

وەزارەتەکە ئەو دەنگۆیانەی بەدوور لە ڕاستی وەسف کرد و ڕایگەیاند، سەرجەم بەرهەمە نەوتییەکان بە پاڵپشتیی تەواوەتیی حکومەت دەدرێنە هاوڵاتییان بۆ پاراستنی ئاسایشی وزە، هەروەها نرخەکانیش لە عێراق بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ و جیهان زۆر کەمترن.

 

وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کردووە کە پرۆسەی تێکەڵکردن لەناو پاڵاوگەکاندا تەنها کارێکی هونەرییە بۆ چارەسەرکردنی بەرهەمی نەفتا و گۆڕینی بۆ بەنزینێک کە لەگەڵ تایبەتمەندییە عێراقییەکاندا بگونجێت، ئەوەش لەپێناو زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و پڕکردنەوەی پێداویستییەکان. لە ئێستاشدا چوار جۆر سووتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێل بەردەستن کە بریتین لە: بەنزینی نۆرماڵ (ئۆکتان 85)، بەنزینی موحەسەن (ئۆکتان 91)، بەنزینی سوپەر (ئۆکتان 95)، لەگەڵ غازی شل. لە کۆتاییشدا وەزارەتەکە داوای لە میدیاکان کرد زانیارییەکان لە سەرچاوەی فەرمییەوە وەربگرن بۆ ئەوەی ڕای گشتی چەواشە نەکرێت.

107 جار خوێندراوەتەوە