سبەینێ یەکشەممە، بە فەرمی وەرزی هاوین لە
هەرێمی کوردستان و نیوەگۆی باکووری زەوی دەست پێدەکات و درێژترین ڕۆژی ساڵیش تۆمار
دەکرێت، شارەزایەکی بواری کەشناسییش هۆشداری لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و
کاریگەرییەکانی لەسەر سەرچاوەکانی ئاو دەدات.
سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی
ڕایگەیاند: سبەینێ یەکشەممە (21ی حوزەیرانی 2026)، کاتژمێر 11:24ی پێش نیوەڕۆ بە
کاتی هەرێمی کوردستان، وەرزی هاوین دەست پێدەکات. لەو کاتەدا خۆر ڕاستەوخۆ لەسەر
هێڵی گەورەی باکووری زەوی دەدرەوشێتەوە، بەمەش ماوەی ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان و
عێراق دەگاتە 14 کاتژمێر و 8 خولەک؛ خۆر لە کاتژمێر 4:46ی بەیانی هەڵدێت و لە 18:55ی
ئێوارەدا ئاوا دەبێت.
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کرد، پاش 21ی
حوزەیران ڕۆژەکان وردە وردە کورت دەبنەوە تا دەگاتە 23ی ئەیلولی 2026، کە تێیدا لە
کاتژمێر 3:05ی بەیانی وەرزی هاوین کۆتایی دێت و پاییز دەست پێدەکات. بەمەش هاوین
دەبێتە درێژترین وەرزی ساڵ کە ماوەکەی نزیکەی 93 ڕۆژ و 15 کاتژمێرە (واتە 2247
کاتژمێر، یان 134820 خولەک، یان 8،089،200 چرکە).
سەبارەت بە کەشوهەوای ئەم وەرزە، سالار حاجی
عەلی ڕوونیکردەوە کە لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا پلەکانی گەرما زۆر بەرز دەبنەوە
و لە ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک دەگاتە نزیکەی 48 پلەی سەدی و زۆرجاریش لەو
ڕێژەیە تێدەپەڕێت. هۆشداریش دەدات کە ئەم کەشە گەرم و وشکە کاریگەری ڕاستەوخۆی
لەسەر ئاو، کشتوکاڵ و ژیانی ڕۆژانە هەیە، بۆیە پاراستنی ئاو و بەکارهێنانی ڕێگای
نوێی ئاودێری لەم وەرزەدا زۆر پێویستە، لە کاتێکدا ناوچە شاخاوییەکان فێنکترن و
دەبنە شوێنێکی گونجاو بۆ گەشتوگوزار.
لە ڕوویەکی دیکەی زانستییەوە، هاوکات لەگەڵ
دەستپێکی وەرزی هاوین لە نیوەگۆی باکوور، لە کیشوەری باشووری ئەفریقا، ئەمریکای
باشوور و ئوسترالیا کە دەکەونە نیوەگۆی باشوورەوە، لە هەمان ڕۆژی 21ی حوزەیراندا
بە فەرمی وەرزی زستان دەست پێدەکات، چونکە وەرزەکان لە هەردوو نیوەگۆکەدا بە
تەواوی پێچەوانەی یەکترن.
104 جار خوێندراوەتەوە