بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ژنێک لە نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب لە شارۆچکەی کەلار تووشی دۆخێکی نەخوازراوی تەندروستی بوو و گیانی لەدەستدا، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوونی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی پێکدەهێنرێت و ڕۆژی یەکشەممە دەستبەکار دەبێت
ڕووداوەکە دوای ئەوە دێت، سێ ڕۆژ لەمەوبەر ئەو ژنە سەردانی نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیبی تایبەت بە ژنان و منداڵبوونی لە کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان کردووە، بەپێی زانیارییەکان بەبێ پشکنینی پێشوەختە دەرزیی هەستیاریی بۆ کراوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە. لەسەر ئەو پرسە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بڵاوکردەوە
لە ڕاگەیەندراوەکەی تەندروستیی گەرمیاندا هاتووە: بەپشتبەستن بە یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمانەوە پێکدەهێنرێت و لە ڕۆژی یەکشەممە دەستبەکاردەبن بۆ بەدواداچوون لە ڕووداوەکە
بەڕێوەبەرایەتییەکە هاوخەمیی خۆی بۆ خێزان و کەسوکاری کۆچکردووەکە دەربڕیوە و جەختی لەوە کردووەتەوە: "سەلامەتیی گیان و ژیانی هاووڵاتییان و نەخۆشان بەلای ئێمەوە لە پێشینەیە، لەو سۆنگەیەوە بەدواداچوونی یاسایی و ئوسووڵیی پێویست دەکەین
250 جار خوێندراوەتەوە