وەزیری بازرگانیی عێراق دەستپێکردنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند و ئاماژە بە پەیڕەکردنی سیستمێکی نوێی ئەلیکترۆنی دەکات بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ کە کۆتایی بە چاوەڕوانیی زۆری جووتیاران دەهێنێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە ، مستەفا نزار، وەزیری بازرگانیی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند: "لەسەر بەدواداچوون و ڕاسپاردەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەست بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ساڵی ڕابردووی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کراوە." ئاشکراشی کرد کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر دەستیان بە ناردنی بەشێک لەو شایستە داراییانە کردووە و لە ڕۆژانی داهاتوودا بڕە پارەی ماوە بەتەواوی دەنێردرێت
سەبارەت بە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ، وەزیری بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد کە بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنییان بۆ "گرتنی پێشوەختە" (سەرەگرتنی ئەلیکترۆنی) خستووەتە گەڕ، کە دەبێتە هۆی ئاسانکردنی پڕۆسەی بەبازاڕکردن. ڕوونیشیکردەوە، بەهۆی ئەم سیستمە نوێیەوە جووتیار ناچار نابێت چەندین ڕۆژ چاوەڕێ بکات و خەرجییەکی زۆر بکەوێتە سەرشانی
مستەفا نزار باسی لە بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "بێگومان بڕێکی زۆر گەنم لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەیە، ئێمەش بەگوێرەی پلانی کشتوکاڵی و توانای کۆگاکردن لە سایلۆکاندا، گەنمەکە وەردەگرین." جەختیشی کردەوە کە دوای دابینکردنی بڕی پێویستی گەنم بۆ وڵات و پشکی باری لەناکاو، پلانێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی "بەرهەمی زیادە" لە ڕۆژانی داهاتوودا دادەڕێژرێت
هاوکات، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە وەزیری بازرگانی عێراق بەمەبەستی وەرگرتنی یەکەم بارهەڵگری گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە سایلۆی فایدەی پارێزگای دهۆک سەردانی هەرێمی کردووە، کە بڕیارە سبەی کاتژمێر چواری ئێوارە بەڕێوەبچێت. ناوبراو گەشبینی خۆشی نیشاندا بەوەی کە وەزیری بازرگانی ئێستای عێراق ئەو کێشە و گرفتانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن چارەسەر بکات
265 جار خوێندراوەتەوە