عەسایب لە حەشدی شەعبی جیادەبێتەوە و چەکەکانی رادەستی حکومەت دەکات

KNN : Kurdish News Network
12:29 - 02/06/2026
عێراق
+
-

بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، ئەمڕۆ سێشەممە، پێکهێنانی لیژنەیەکی ناوەندیی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری جیابوونەوەی لە هێزەکانی حەشدی شەعبی و قەتیسکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە وەک جێبەجێکردنێک بۆ بانگەوازی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی و وەڵامدانەوەیەک بۆ هەڵوێستی نیشتمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی دێت.

 

بزووتنەوەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکردووە، ئەم هەنگاوە دووپاتکردنەوەی ئەو بەڵێنەیە کە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە لە 13ی کانوونی یەکەمی 2017دا بۆ جیابوونەوە لە حەشدی شەعبی ڕایگەیاندبوو.

 

ئاماژە بەوەش کراوە کە لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی جەواد تڵێباوی و ئەندامێتی هەریەک لە ڕافید ساڵح عەلی، عەبدوڵڵا شاکر کامل و عەلی حەمزە کازم پێکهێنراوە.

 

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لیژنەکە ئەرکی تەواوکردنی سەرجەم پێداویستی و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەگرێتە ئەستۆ، کە پێکهاتووە لە ئامارکردنی تەواوی چەکدارەکان، چەک، ئۆتۆمبێل، کەلوپەل و ئامرازە لۆجستییەکان، هەروەها بەستنەوەیان بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە بەشێوەیەک کە لەگەڵ داواکارییەکانی دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەکاندا بگونجێت.

142 جار خوێندراوەتەوە