جێگری فەرماندەی
بارەگای ناوەندیی خاتەمەلئەنبیای ئێران ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی کێشەی لەگەڵ جەنگدا
نییە و چاوەڕێی ڕووداوەکان دەکات، ئاشکراشی دەکات کە هێشتا هەموو کارتە
براوەکانیان بەکارنەهێناوە و تەنانەت ئەگەر ناتۆش بێتە ناو گۆڕەپانەکەوە هیچ
نیگەرانییەکیان نییە.
سەردار محەممەد
جەعفەر ئەسەدی، جێگری فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەمەلئەنبیای ئێران لە
لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "چەندین جار جەختمان کردووەتەوە کە هێشتا هەموو کارتە
براوەکانی خۆمان ئاشکرا نەکردووە و چەندین کارتی دیکەمان بەدەستەوەیە کە ئەگەر
پێویست بکات بەکاریان دەهێنین".
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو شوێنانەی ئێستا بۆ
بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەربازی و پاڵپشتیکردنی هێزە چەکدارەکانیان بەکاریان
دەهێنن، بەتەواوی لە چاوی دوژمن شاراوەن و هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنەکانیان
نییە.
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران ڕەتیکردەوە وڵاتەکەی پێویستی بە چەکی
ئەتۆمی هەبێت و وتی: "چەکی باڵا و بۆمبی ئەتۆمی ئێمە گەلەکەمانە".
هەروەها جەختی
لەوە کردەوە کە ئەوان تەسلیم بە ئەمریکا نابن و ڕایگەیاند: "تەنانەت ئەگەر
هیچ شتێکیشمان نەبێت، بە بەرد دەچینە جەنگی ئەمریکاوە، چونکە ئێمە چاوەڕێین و
کێشەمان لەگەڵ جەنگدا نییە و ئەگەر ناتۆش بێتە ناو گۆڕەپانەکەوە ئامادەین".
83 جار خوێندراوەتەوە