عەلیڕەزا
سەلیمی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، بەمزووانە
پڕۆژەیاسای سەپاندنی بەڕێوەبردن و سەروەریی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا لە
پەرلەمان پەسەند دەکرێت و دەبێتە یاسا، جەختیشیکردەوە کە ئەو پرسە بۆ کۆماری
ئیسلامیی ئێران لە دەیان بۆمبی ئەتۆمی گرنگترە و بە هیچ شێوەیەک جێگەی
مامەڵەپێوەکردن نییە.
سەلیمی لە
لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هەڵسەنگاندنی ورد بۆ پڕۆژەیاساکە کراوە و بۆچوونی
لایەنە جیاوازەکانی وەک کەرتەکانی ئابووری، گواستنەوە، ئەمنی و دامەزراوە
پەیوەندیدارەکانی تر وەرگیراوە، هەروەها ئاشکرایکرد کە لایەنی عومانیش ڕەزامەندیی
سەرەتایی خۆی لەسەر ئەو پرسە دەربڕیوە.
ئەندامەکەی
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران وەڵامی لێدوانەکانی ئەمریکاشی دایەوە و وتی:
"ئەوەی ترەمپ و کەسانی تر دەڵێن کە دەبێت گەرووی هورمز بکرێتەوە، پەیوەندیی
بە ئێمەوە هەیە و ڕێگە نادەین ئەوان بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدەن، بەڵکو
بەڕێوەبردنی گەرووەکە بەتەواوی و خاڵ بە خاڵ لە پەرلەمانەوە دەکەین بە یاسا و
یەکلایی دەکرێتەوە".
ئەمە
لەکاتێکدایە، تا ئێستا ڕوون نییە پڕۆژەیاساکە چەند واژۆی کۆکردووەتەوە و کەی
دەخرێتە دەنگدانەوە، بەتایبەت کە لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر
ئێران، دانیشتنە ئاشکراکانی پەرلەمانی ئێران لە شوێنی هەمیشەیی خۆی ڕاگیراوە.
لە ئێستاشدا
گەرووی هورمز کە دەکەوێتە نێوان ئاوەکانی ئێران و عومانەوە، بەهۆی ململانێکانی
دواییەوە لەلایەن ئێرانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و هاتوچۆی کەشتییەکان تێیدا بەشێوەیەکی
بەرچاو کەمبووەتەوە.
لە
بەرامبەریشدا ئەمریکا جەخت لە کردنەوەی گەرووەکە دەکاتەوە و ڕێکخراوی کەشتیوانیی
سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش بیرۆکەی وەرگرتنی باجی پەڕینەوە لەو گەرووە
ڕەتدەکاتەوە.
42 جار خوێندراوەتەوە