ترەمپ بۆ ئێران: یان رێککەوتن یان دەستپێکردنەوەی جەنگ

KNN : Kurdish News Network
08:45 - 31/05/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی نزیکە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی باش لەگەڵ ئێران، هۆشداریش دەداتە تاران کە ئەگەر نەگەنە ئەو ڕێککەوتنە، ئەوا دووبارە پەنا بۆ بژاردەی سەربازی و وەزارەتی جەنگ دەبات.

 

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاماژەی بەوە کرد، چارەسەری دیپلۆماسی بەلاوە پەسەندە، چونکە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بە مانای کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز دێت بەڕووی کەشتیوانیدا بەبێ سەپاندنی هیچ باجێکی پەڕینەوە. جەختیشی کردەوە، دەبێت بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە ئێران بکرێت کە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

 

سەرۆکی ئەمریکا ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر گەرووی هورمز بکرێتەوە و دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بەتەواوی چارەسەر بکرێت، ئەوا هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکشێنەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ترەمپ پێی وابوو کە ئەمریکا قۆناغ بە قۆناغ خواستەکانی خۆی بەدەست دەهێنێت و وتی: "ئەگەر ئەمە ڕوونەدات، ئەوا بە شێوەیەکی تەواو جیاواز کۆتایی بە ململانێکان دەهێنین."

75 جار خوێندراوەتەوە