ڕاپۆرتێکی
پشکنەری گشتیی ئەمریکا هۆشداری دەدات لە هەڵاتنی ژمارەیەکی "نادیار" لە
چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە سوریا کە زیاتر لە
23 هەزار کەسیان تێدابووە، ئەمەش مەترسیی سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێی ئەو ڕێکخراوە
دروست دەکات.
بەپێی
ڕاپۆرتەکەی پشکنەری گشتیی ئەمریکا بۆ ئۆپەراسیۆنی (چارەسەری بنەڕەتی)، چەکدارانی
داعش بۆشاییە ئەمنییەکانیان قۆستووەتەوە، بەتایبەت دوای کشانەوەی هێزەکانی سوریای
دیموکرات (هەسەدە)، کە ئەمەش توانای شانە نووستووەکانی بۆ خۆڕێکخستنەوە و
فراوانبوون لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.
ڕاپۆرتە
هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و بەرپرسانی سوریا ئاماژە بە ڕوودانی گەورەترین پرۆسەی
"هەڵاتن و دیارنەمانی" بەکۆمەڵی خێزان و چەکدارانی داعش دەدەن لە
سەرەتای ساڵی 2026دا، ئەمەش بەهۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵی ناوچەکان لەلایەن هەسەدەوە
و هەرەسێهێنانی سیستمی هێشتنەوەی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان. هاوکات ڕۆژنامەی
(وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لە زاری دەزگا هەواڵگرییەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، لە نێوان 15
بۆ 20 هەزار کەسی سەر بە داعش هەڵاتوون و لەناو ئەو پشێوییە گەورەیەدا بێسەروشوێن
بوون.
هاوکات، ژمارەی
دانیشتووانی کەمپی هۆڵ بەشێوەیەکی کتوپڕ و مەترسیدار لە 23 هەزار و 400 کەسەوە بۆ
کەمتر لە هەزار و 500 کەس دابەزیوە و بەشەکانی تایبەت بە ژنان و منداڵانی بیانی
بەتەواوی چۆڵکراون، ئەویش لە ڕێگەی پرۆسەیەکی ڕێکخراوی قاچاخچێتییەوە کە کەلێنە
ئەمنییەکانی پەرژینی کەمپەکەیان قۆستووەتەوە.
لەلایەکی
دیکەوە و هاوکات لەگەڵ ڕووداوەکانی کەمپەکەدا، پرۆسەی هەڵاتنی بەکۆمەڵ لەو
زیندانانەش ڕوویداوە کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بوون. سەرچاوە کوردییەکان
ڕایانگەیاندووە، بەهۆی هێرش و پێکدادانەکانەوە، نزیکەی هەزار و 500 زیندانی لە
زیندانی شەدادی هەڵاتوون.
ڕاپۆرتە
ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی، دیارنەمانی بەکۆمەڵی خێزان و
چەکدارانی داعش هەڕەشەیەکی ستراتیژیی مەترسیدارە و دەرفەتێکی زێڕین بە ڕێکخراوەکە
دەدات بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی و دروستکردنەوەی شانە نووستووەکانی لە
بیابانی سوریا و لەسەر سنوورەکانی عێراق.
204 جار خوێندراوەتەوە