مۆسکۆ
هۆشدارییەکی توند دەداتە نەرویج و ڕایدەگەیەنێت، هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئەو
وڵاتە بۆ چوونە ناو پرۆژەی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیی فەڕەنسا، هەڕەشەیە بۆ سەر
ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا و بەبێ وەڵام تێناپەڕێت.
نوێنەرایەتیی
دیپلۆماسیی ڕووسیا لە ئۆسلۆ، ئەمڕۆ شەممە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد،
هەنگاوەکانی نەرویج سەبارەت بە هەماهەنگیی ئەتۆمی لەگەڵ فەڕەنسا مەترسی لەسەر
ئاسایشی نەتەوەییان دروست دەکات و مۆسکۆ بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی ئەو هەنگاوانە
دەداتەوە.
ئەم هۆشدارییەی
ڕووسیا دوای ئەوە دێت کە چوارشەممەی ڕابردوو، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، لە
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ یۆناس گار ستۆر، سەرۆک وەزیرانی نەرویج لە پاریس ڕایگەیاند؛
نەرویج ڕەزامەندیی دەربڕیوە بۆ چوونە ناو پلانی فراوانکردنی چەتری ئەتۆمیی فەڕەنسا
کە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەورووپا دەگرێتەوە، کە فەڕەنسا بە "بەرپەرچدانەوەی
پێشکەوتووی ئەتۆمی" ناوی دەبات.
سەرۆکی فەڕەنسا
باسی لەوەش کردووە، نەرویج هاوبەشێکی جوگرافی و ستراتیژیی گرنگە و ئەو وڵاتە
سکاندیناڤییە "بەهایەکی گەورە" بۆ دەستپێشخەرییەکە زیاد دەکات، بەتایبەت
کە پێشتریش هەردوو وڵات پێکەوە کاريان کردووە بۆ پاراستنی خاکی ناتۆ لە
"هەڕەشە دەرەکییەکان".
هاوکات هەردوو
وڵات ڕێککەوتوون لەسەر پەیماننامەیەکی بەرگری کە بڕگەی هاریکاریی هاوبەشی لە کاتی
هێرشکردنە سەر یەکتری لەخۆگرتووە.
ماکرۆن ئاماژەی
بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ئەورووپا زیاتر لە جاران هەست بەوە دەکات
کە پێویستە بەرپرسیارێتیی گەورەتر بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی لەئەستۆ بگرێت،
بەتایبەت لە سایەی ئەو نادڵنیاییەی کە بەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
وەک هاوبەشێکی ئەمنی دروست بووە.
121 جار خوێندراوەتەوە