جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند؛ هێشتا وڵاتەکەی نەگەیشتووەتە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئێران، بەڵام هەردوولا نزیکن لە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن. هاوکات وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاش جەخت لە نەهێشتنی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی تاران و مسۆگەرکردنی کراوەیی گەرووی هورمز دەکاتەوە وەک هێڵی سوور بۆ هەر ڕێککەوتنێک.
ڤانس لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کرد، قورسە دیاری بکرێت کەی و ئایا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئیمزا لەسەر چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە دەکات لەگەڵ تاران یاخود نا. جەختیشیکردەوە کە ئەمەریکا لە پێگەیەکدایە دەتوانێت بەشێوەیەکی بەرچاو ڕێگری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بکات. لە لایەکی دیکەوە ترەمپ بە تۆڕی "فۆکس نیوز"ی ڕاگەیاندووە، پێی باشە بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام سەرجەم بژاردەکانیش لەبەردەستدان.
لەبارەی مەرجەکانی واشنتۆنەوە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند؛ وڵاتەکەی پابەندە بە هێڵە سوورەکانەوە لە دانوستانەکانیدا، بەتایبەت ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی و هێشتنەوەی گەرووی هورمز بە کراوەیی، وتیشی: "ترەمپ ڕێککەوتنێکی خراپ ناکات". لە بەرامبەردا کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند؛ تاران هیچ داواکارییەک قبوڵ ناکات کە دژی بەرژەوەندییەکانی بێت، ئەوەشی بۆ ئێران گرنگە پەیامە فەرمییەکانی ئەمەریکایە نەک تەنها لێدوانەکان.
بەپێی زانیارییەکان، پڕۆژەی ڕێککەوتنەکە ئاگربەستی نێوان هەردوولا بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ درێژ دەکاتەوە و ڕێگە بە دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی دەریایی دەدات، لە کاتێکدا دانوستانکاران تاوتوێی پرسە ئاڵۆزەکانی وەک بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکەن. ئەگەر ڕێککەوتنەکە لەلایەن بڕیاربەدەستانی هەردوو وڵاتەوە پەسەند بکرێت، دەبێتە گەورەترین هەنگاو بەرەو ئاشتی لە دوای سەرهەڵدانی ململانێ چەکدارییەکانی ٢٨ی شوباتەوە. هەروەها ڕێککەوتنەکە ڕێگە بە هاتوچۆی ئازادانە لە گەرووی هورمز دەدات، ئەمەریکاش پابەند دەکات بە هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران و لابردنی بەشێک لە سزاکانی سەر فرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتە. ئاژانسی تەسنیمی ئێرانیش لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە کە هێشتا دەقی لێکتێگەیشتنەکە پەسەندکردنی کۆتایی بۆ نەکراوە.
لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانیشدا، پاکستان کە ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینێت ڕایگەیاندووە، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان ڕۆژی هەینی لە واشنتۆن لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە. واشنتۆن داوا دەکات ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، لە بەرامبەریشدا تاران کە پێداگرە لەسەر ئاشتیانەبوونی بەرنامەکەی، داوای هەڵگرتنی سزاکان، ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی لە دەرەوە و کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە دەکات.
58 جار خوێندراوەتەوە