جۆناسان
پۆلارد، سیخوڕی پێشووی ئیسرائیلی-ئەمریکی، بە لێدوانەکانی سەبارەت بە ئەگەری
هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و هەریەک لە تورکیا و میسر دوای کۆتاییهاتنی
ململانێکانی ئێستای غەززە و لوبنان، مشتومڕێکی بەرفراوانی دروستکرد.
لە لێدوانێکیدا
کە ماڵپەڕی (Israel National News) بڵاویکردووەتەوە، پۆلارد
ڕایگەیاندووە: "گەردەلوولێک بەڕێوەیە کە جیهان پێشتر هاوشێوەی
نەبینیوە"، و ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئیسرائیل "بە ئەگەری زۆرەوە ناچار
دەبێت جەنگی داهاتووی دژی تورکیا و میسر بکات". هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە
کە ئیسرائیل ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییە هەرێمییەکان دەبێتەوە و پێشهاتەکانی ئێستای
ناوچەکە دەرگا بەڕووی پێکدادانی فراوانتردا دەکەنەوە.
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا، ئەو سیخوڕەی پێشووی ئیسرائیل، دان بە پاشکۆیەتی وڵاتەکەی بۆ
ئەمریکا دەنێت و دەڵێت: "ئێمە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نین وەک ئەوەی سەرکردەکانمان
بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو تەنها هێزێکی یارمەتیدەری سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی
ئەمریکاین و لە بازنەی ئەواندا دەجوڵێین."
جێی باسە،
جۆناسان پۆلارد یەکێکە لە دیارترین دۆسیەکانی سیخوڕی لە مێژووی پەیوەندییەکانی
ئەمریکا و ئیسرائیلدا. پێش دەستگیرکردنی لە ساڵی 1985 بە تۆمەتی دزەپێکردنی
بەڵگەنامەی نهێنی بۆ ئیسرائیل، وەک شیکەرەوەی هەواڵگری لە هێزی دەریایی ئەمریکا
کاری کردووە. دوای بەسەربردنی نزیکەی 30 ساڵ زیندانیکردن لە ئەمریکادا، ئازادکرا و
دواتر گەڕایەوە ئیسرائیل.
473 جار خوێندراوەتەوە