عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، ستایشی هەڵوێستەکەی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعەی کرد سەبارەت بە لکاندنی پێکهاتەکانی "سەرایا سەلام" بە هێزەکانی دەوڵەتەوە
زەیدی ڕایگەیاند: ئەو هەڵوێستە نیشتمانییە بەرپرسیارانەی موقتەدا سەدر بەرز دەنرخێنین کە پێکهاتەکانی سەرایا سەلام دەچنە پاڵ دەوڵەت و دەخرێنە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمەش لەپێناو پاڵپشتیکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی شکۆ و سەروەریی یاسایە
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم دەستپێشخەرییە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی و چەسپاندنی پرەنسیپی قەتیسکردنی چەک بە دەستی دەوڵەتەوە و پاڵپشتیکردنی دەزگا ئەمنییەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانییەکانیدا
هەروەها زەیدی داوای لە سەرجەم گروپ و فەسائیلە چەکدارەکان کرد هەمان ڕێچکەی نیشتمانی بگرنەبەر و لەژێر چەتری دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکانیدا کار بکەن، وەک جەختکردنەوەیەک لەسەر ئەوەی تەنیا دەوڵەت تاکە لایەنی ڕێگەپێدراوە بۆ هەڵگرتنی چەک و جێبەجێکردنی یاسا
112 جار خوێندراوەتەوە