وردەکاری رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی ئێران و ئەمریکا ئاشکرا کرا

KNN : Kurdish News Network
08:50 - 24/05/2026
جیهان
+
-

کۆشکی سپی کار دەکات بۆ یەکلاکردنەوەی کۆتا ناکۆکییەکان و چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێککەوتنێکی کاتی و گرنگ لە نێوان واشنتۆن و تاران ڕابگەیەنرێت؛ بەپێی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە، ئێران قایل بووە بە دەستبەرداربوون لە کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی لەبەرامبەر درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ و لادانی بەشێک لە سزاکان.

 

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە، ئێران لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە، ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر التزام بە دەستبەرداربوون لە کۆگای یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی خۆی. هاوكات، دیاریکردنی شێوازی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بۆ دانوستانەکانی داهاتوو دواخراوە. ڕێککەوتنەکە ئازادکردنی ملیاران دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوە دەگرێتەوە، بەڵام تاران ناتوانێت دەستی بگات بە بەشە هەرە زۆرەکەی، مەگەر لەسەر بنەمای گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی هەمیشەیی.

 

لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، واشنتۆن و تاران یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی 60 ڕۆژە واژۆ دەکەن کە بە ڕەزامەندی هەردوولا شیاوی درێژکردنەوەیە.

 

 بەپێی ئەم ڕەشنووسە، گەرووی هورمز لەو ماوەیەدا بە کراوەیی دەمێنێتەوە و ئێران تەواوی ئەو مینانە لادەبات کە چاندوونی. لەبەرامبەردا، ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران ڕادەگرێت و بەشێک لە سزاکان لادەبات تاوەکو تاران بتوانێت نەوتەکەی بفرۆشێت و بچێتە ناو دانوستانەوە.

 

بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بەوە کردووە کە بنەمای سەرەکی ترەمپ لەم ڕێککەوتنەدا بریتییە لە "لادانی کۆتوبەندەکان لەبەرامبەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکان".

 

ڕەشنووسی لێکتێگەیشتنەکە چەند مەرجێکی توندی تێدایە، لەوانە: بەڵێنی هەمیشەیی ئێران بۆ نەچوون بەلای چەکی ئەتۆمیدا، دانوستان لەسەر ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، و لادانی کۆگای یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو. هاوکات هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێننەوە و ناکشێنەوە مەگەر دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.

 

سەبارەت بە ڕەوشی ناوچەکە، ڕەشنووسەکە ئاماژە بەوە دەکات کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا کۆتایی دێت. لای خۆشییەوە بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە کە بنیامین نەتانیاهۆ نیگەرانی خۆی بە ترەمپ گەیاندووە لەسەر مەرجی کۆتاییهێنان بە شەڕی دژ بە حیزبوڵڵا، بەڵام ڕێککەوتنەکە ماف دەداتە ئیسرائیل کە لە لوبنان دەستوەردان بکات ئەگەر حیزبوڵڵا هەوڵی خۆپڕچەککردنەوە بدات.

 

هاوشانی ئەم پێشهاتانە، وەزیری دەرەوەی باکستان گەشبینی خۆی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە ئەنجامی دانوستانەکان ئەرێنین و بەرەو دەرئەنجامێکی بەردەوام هەنگاو دەنێن.

294 جار خوێندراوەتەوە