ئەمریکا فرۆشتنی چەک بە تایوان ڕادەگرێت و خۆی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕی ئێران ئامادە دەکات

KNN : Kurdish News Network
08:55 - 22/05/2026
جیهان
+
-

ئەمریکا فرۆشتنی چەک بە تایوان ڕادەگرێت و خۆی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕی ئێران ئامادە دەکات


هۆنگ کاو، بەڕێوەبەری کارووباری وەزارەتی دەریایی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ پێنتاگۆن دڵنیا بووەتەوە لەوەی وڵاتەکەی تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی پێویستی لەبەردەستدایە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی، لە حاڵەتی دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئێراندا. ئاماژەی بەوەش کردووە کە پرۆسەی فرۆشتنی چەک بە تایوان "هەڵپەسێردراوە" بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت لە دابینکردنی تەقەمەنی تەواو بۆ سوپای ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنەکانی پەیوەست بە ئێران.


ئەم لێدوانەی بەڕێوەبەری کارووباری وەزارەتی دەریایی ئەمریکا لە کاتی دانیشتنێکی کۆنگرێسدا هات، وەک وەڵامێک بۆ پرسیارێک سەبارەت بە پەککەوتنی گرێبەستێکی کڕینی چەک لەلایەن تایوانەوە کە بەهای 14 ملیار دۆلارە. کاو ڕوونی کردەوە، ئەو گرێبەستە هەڵپەسێردراوە بۆ "دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو تەقەمەنییانەی پێویستمانن بۆ ئۆپەراسیۆنی (داستانی توڕەیی) لەبەردەستماندابن، کە ئێستاش بڕێکی زۆرمان لێی هەیە، بەڵام تەنها دەمانەوێت دڵنیابینەوە لە هەموو شتێک، پاشان کاتێک ئیدارەی ئەمریکا بە پێویستی بزانێت، فرۆشتنی چەکەکە دەستپێدەکاتەوە."


ئەم گۆڕانکارییانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕەتیکردەوە پابەندبێت بە تەواوکردنی پرۆسەی فرۆشتنی چەکەکە، ئەمەش نیگەرانی لەلای تایوان دروستکردووە کە چین بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و بەڵێنی داوە بیلکێنێتەوە بە خۆیەوە تەنانەت بە هێزی سەربازیش ئەگەر پێویست بكات. ترامپ پێش سەردانە فەرمییەکەی دوایی بۆ چین ڕایگەیاندبوو، لەگەڵ شی جینگپینگی سەرۆکی ئەو وڵاتە وتووێژ لەسەر گرێبەستی چەکەکە دەکات، ئەمەش پێچەوانەی تێڕوانینی پێشووی واشنتۆن بوو کە جەختی دەکردەوە لەم بابەتەدا ڕاوێژ بە پەکین ناکات. بەڵام ترامپ دواتر جەختی کردەوە کە هیچ پابەندبوونێکی بە "شی" نەداوە سەبارەت بە تایوان و لە ماوەیەکی کورتدا بڕیار لەسەر فرۆشتنی چەکەکە دەدات.


ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، ترامپ هاوکات لەگەڵ هۆشداریدان لە ئەگەری گەڕانەوە بۆ شەڕ لە دژی ئێران ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، جەختی لەوە کردووەتەوە کە دانوستانەکان لەگەڵ لایەنی ئێرانی بەردەوامن و وڵاتەکەی لە هیچ ڕێککەوتنێکی ئەگەرکێدا ڕێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ترامپ ڕاشیگەیاندووە کە ململانێکان "زۆر زوو کۆتاییان دێت" و ئەمریکا بەم شێوازە بێت یان بەو شێوازە، ئەو شتە بەدەستدەهێنێت کە دەیەوێت. لە بەرامبەریشدا، پاکستان کە چەند مانگێکە ڕۆڵی نێوەندگیر دەگێڕێت، بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ نزیککردنەوەی ڕوانگەی نێوان هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی و کەمکردنەوەی ناڕوونییەکان.

59 جار خوێندراوەتەوە