تۆڕی هەواڵی سی
ئێن ئێنی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، هەڵسەنگاندنەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا
دەریدەخەن کە ئێران بە خێراییەکی زۆر زیاتر لە پێشبینییە سەرەتاییەکان، خەریکی
نۆژەنکردنەوە و بونیادنانەوەی ژێرخانی پیشەسازییە سەربازییەکانییەتی.
بەپێی
ڕاپۆرتێکی تایبەتی ئەو تۆڕە کە پشت بە چوار سەرچاوەی ئاگادار لە دەزگا
هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا دەبەستێت، ئێران قۆستوویەتییەوە لە ئاگربەستە شەش
هەفتەییەکەی کە لە سەرەتای مانگی نیسانەوە دەستیپێکردووە و بەشێک لە هێڵەکانی
بەرهەمهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە (درۆنە) هێرشبەرەکانی خستووەتەوە کار. پێشبینیش
دەکرێت لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا، تاران تەواوی توانای پێش جەنگی لە بواری
درۆنەکاندا بەدەستبهێنێتەوە.
ئەم
هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییانە بەتەواوی پێچەوانەی لێدوانەکانی پێشووی بەرپرسانی باڵای
سوپای ئەمەریکان. پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندبوو کە
لە هێرشەکاندا سەدا 90ی پیشەسازیی بەرگریی ئێران وێران بووە و نۆژەنکردنەوەی
چەندین ساڵی پێویستە. بەڵام سەرچاوە هەواڵگرییەکان دەڵێن، زیانەکان تەنها چەند
مانگێک پرۆسەکەیان دواخستووە نەک چەند ساڵێک، چونکە بەشێکی گرنگی ژێرخانی موشەکی و
درۆنەکانی ئێران لە ژێر زەویدان و جێگۆڕکێیان پێدەکرێت، بەوەش لە هێرشەکان
پارێزراو بوون.
لە ڕاپۆرتەکەدا
هاتووە، ئێران توانیویەتی بە خێرایی ئەو زیانانە چاک بکاتەوە کە بەر بنکە و
سەکۆکانی هەڵدانی موشەک کەوتوون، بەتایبەتی لە ناوچە ستراتیژییەکانی وەک گەرووی
هورمز. مەزەندە دەکرێت هێشتا ئێران سەدا 70ی یەدەگی موشەکە بالیستی و کروزەکانی
پێش جەنگی پاراستبێت.
بەرپرسانی
هەواڵگریی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەو خێراییە لە نۆژەنکردنەوەدا تا
ئاستێک دەگەڕێتەوە بۆ پاڵپشتی و دابینکردنی پارچە یەدەگە سەرەکییەکانی موشەک
لەلایەن چین و ڕووسیاوە، هەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی چین ئەو بانگەشەیەی
ڕەتکردووەتەوە.
بڵاوبوونەوەی
ئەم ڕاپۆرتەش هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی
هێرشەکان ئەگەر ڕێککەوتنی ئاشتی نەیەتە ئاراوە، ئەوەش دەریدەخات سەرەڕای زیانەکان،
ئێران هێشتا توانایەکی سەربازیی بەرپەرچدەرەوەی بەهێزی لە ناوچەکەدا هەیە.
87 جار خوێندراوەتەوە