عاسم مونیر دەچێتە تاران و ئەگەری رێککەوتنی نوێ لە نێوان ئەمریکا و ئێران هەیە

KNN : Kurdish News Network
09:32 - 21/05/2026
جیهان
+
-

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، تێڕوانین و پێشنیازەکانی ئەمەریکایان پێگەیشتووە و لە ئێستادا سەرقاڵی تاوتوێکردنین، هاوکات میدیا فەرمییەکانی ئەو وڵاتەش ئاماژە بە ئەگەری کرانەوە و بەرەوپێشچوونێکی نوێ دەکەن لە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن.

 

ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە کە نامە و بۆچوونەکانی ئەمەریکایان وەرگرتووە و لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندندان بۆی.

 

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی (ئیرنا)ی فەرمیی ئێران، دوای کۆبوونەوەکانی وەزیری ناوخۆی پاکستان لە تاران، بڵاویکردەوە کە ئەگەرێکی بەهێز هەیە بۆ دروستبوونی کرانەوەیەک لە قەیرانی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا، کە پێدەچێت پاکستان ڕۆڵی نێوەندگیری تێدا ببینێت.

 

لە درێژەی ئەو جووڵە دیپلۆماسییانەدا، ئاژانسی هەواڵی (ئیسنا)ی ئێرانی ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ فەرماندەی سوپای پاکستان بە سەردانێکی فەرمی بگاتە تاران، ئەمەش ئاماژەیە بۆ چڕبوونەوەی هەوڵەکانی ئیسلام ئاباد بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان.

116 جار خوێندراوەتەوە