دۆناڵد ترەمپ ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە دۆسیەی ئێران کۆک و هاوڕان و جەختیش دەکاتەوە، کە ناتانیاهۆ ئەوە دەکات کە ئەو لێی دەوێت. هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات، ئێران بەتەواوی تێکشکاوە و خەڵکەکەی بەهۆی خراپیی بژێویی ژیانیانەوە توڕەن
لە لێدوانێکدا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بە هەماهەنگییەکانی نێوان خۆی و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد سەبارەت بە ئێران و ڕایگەیاند، هەردووکیان لەسەر ئەو پرسە یەکدەنگن و ناتانیاهۆش لەو دۆسیەیەدا ئەوە دەکات کە ترەمپ لێی دەوێت
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ هێرشی توندی کردە سەر تاران و ڕایگەیاند: "ئێرانمان لەناوبردووە و تێکشکاندووە، لە داهاتووشدا شتی زۆر سەرسوڕهێنەر دەبینن." هەروەها باسی لە بارودۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتە کرد و ئاشکرایکرد، بەهۆی خراپیی ئاستی بژێویی ژیانەوە، ئەمڕۆ توڕەییەکی زۆر لە شەقامەکانی ئێراندا هەیە
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووش لە ناوچەکە، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت گەرووی هورمز بکەنەوە، بەڵام بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران پەلە ناکات
ڕوونیشیکردەوە، کاتێک مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی ئێراندا دەکات، بەهیچ شێوەیەک بیر لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول ناکاتەوە و مامەڵەکردنی بەو پرسەوە پەیوەست نەکردووە بە کاتی هەڵبژاردنەکانەوە
66 جار خوێندراوەتەوە