رووسیا و چین: پەرە بە پەیوەندییە سەربازییەکانمان دەدەین

KNN : Kurdish News Network
03:22 - 20/05/2026
جیهان
+
-

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، هەردوو وڵاتی چین و ڕووسیا جەختیان لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە بۆ خزمەتکردن بە دروستکردنی سیستەمێکی جیهانیی فرەجەمسەری دادپەروەر، و ڕایانگەیاند کە پەیوەندییەکانیان هیچ جۆرە بلۆکبەندییەک ناگرێتەوە و ئامانج لێی ڕووبەڕووبوونەوە یان دژایەتیکردنی هیچ وڵاتێکی دیکە نییە.

 

بەیاننامەکە، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە جیهاندا هیچ دەوڵەت و گەلێکی "پلە یەک" بوونی نییە و باڵادەستی و هەژموون بە هەموو شێوەیەک ڕەتکراوەتەوە. هەروەها ڕەخنەی توندیان لەو وڵاتانە گرتووە کە بە لۆژیکی هەژموونخوازی کار دەکەن و دەبنە ڕێگر لەبەردەم گەشەسەندنی وڵاتانی دیکە و دروستبوونی جیهانێکی فرەجەمسەر. هاوکات جەختیان لەوە کردەوە کە دژی بەکارهێنانی مافی مرۆڤن وەک بیانوویەک بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان.

 

لە ڕووی سەربازییەوە، مۆسکۆ و پەکین ڕێککەوتوون لەسەر بەهێزکردنی میکانیزمەکانی هاوکاریی سەربازیی نێوانیان و بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و ئاڵەنگارییە جیاوازەکان. هەروەها هۆشدارییان داوە لەوەی کە "پڕۆژەی قوبەی زێڕین"ـی ئەمریکی کاریگەریی نەرێنیی مەترسیداری لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت.

 

سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەردوو وڵات داوایان لە لایەنەکانی ململانێ کردووە بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانوستان، و بە تایبەتیش داوای ئاگربەستی هەمیشەیی و کۆتاییهێنان بە شەڕیان لە کەرتی غەززە کرد. لە کۆتاییشدا، نیگەرانیی خۆیان دەربڕی بەرامبەر ئەو ڕێگرییانەی لەلایەن هەندێک وڵات و هاوپەیمانێتییەوە دەخرێنە بەردەم جوڵەی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی.

112 جار خوێندراوەتەوە