سەرۆکانی چین و
ڕووسیا ڕایانگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوانیان گەیشتووەتە ئاستێکی مێژوویی و
بێپێشینە و بەردەوامە لە گەشەسەندن، هاوکات جەختیان لە کارکردن بۆ بنیاتنانی
سیستەمێکی جیهانیی فرەجەمسەر و ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی تاکلایەنە کردەوە.
شی جینپینگ،
سەرۆکی چین، ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی هاوتا ڕووسییەکەی گفتوگۆی
ستراتیژییان ئەنجامداوە و ئامانجیانە سیستەمێکی جیهانیی دادپەروەرتر و ژیرانەتر
دابمەزرێنن. هۆشداریشیدا لەوەی جیهانی ئەمڕۆ بەهۆی ڕەفتارە تاکلایەنەکان و
هەوڵەکانی سەپاندنی هەژموونەوە سەقامگیریی لەدەستداوە.
هەروەها داوای
لە مۆسکۆ کرد بەشداری لە دەستپێشخەریی "کۆمەڵگەی یەکگرتوو بۆ بەرژەوەندیی
مرۆڤایەتی" بکات، بە مەبەستی بەهێزکردنی متمانەی سیاسی و فراوانکردنی
هاوکارییەکانیان لە بوارەکانی پەروەردە و گەشەپێدانی نیشتمانی.
لە بەرامبەردا،
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ئاشکرایکرد، سەرجەم مامەڵە بازرگانییەکانی نێوان
هەردوو وڵات لە ئێستادا بە دراوی ناوخۆیی ئەنجام دەدرێن. دووپاتیشیکردەوە کە مۆسکۆ
بەشێوەیەکی جێگیر و بێ پچڕان بەردەوام دەبێت لە هەناردەکردنی وزە بۆ بازاڕەکانی
چین، لەگەڵ بەهێزکردنی هاوبەشییەکانیان لە بواری کانزا ستراتیژییەکان.
پوتین جەختی لەوەش کردەوە کە هەردوو وڵات
پابەندن بە سیاسەتێکی دەرەوەی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری، و پێکەوە کاردەکەن بۆ
پاراستنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەقامگیریی جیهانی.
141 جار خوێندراوەتەوە