دادگای تاوانی
نێودەوڵەتی (ICC) فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بێزالئێل سمۆتریچ،
وەزیری دارایی و ئابووریی ئیسرائیل دەرکرد، بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکانیش ئەم
فەرمانە هاوشانە لەگەڵ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو
وڵاتە.
ئەو تۆمەتانەی
ئاراستەی وەزیری دارایی ئیسرائیل کراون، بریتین لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانی
جەنگ و تاوانی ڕەگەزپەرستی (ئاپارتاید)، ئەمەش بەهۆی رۆڵی ناوبراو لە کوشتار و
کۆمەڵکوژییەکان لە کەرتی غەززە لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023.
بەپێی ڕاپۆرتە
دیپلۆماسییەکان، لە نێویاندا ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی هاائارێتس، ئەم فەرمانە سەرەتا بە
شێوەیەکی نهێنی و لە چوارچێوەی کۆمەڵێک فەرماندا بۆ پێنج بەرپرسی نوێی سیاسی و
سەربازیی ئیسرائیل دەرچووە، بۆ ئەوەی زیان بە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان نەگەیەنێت.
سموتریچ لەو
بارەوە رایگەیاندووە: ئاگادارکراوەتەوە لەوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی
داواکارییەکی بەمەبەستی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی پێشکەش کردووە.
ئەم هەنگاوەی
دادگای لاهای بە پێشکەوتنێکی دیکە دادەنرێت لە بڕیارەکانی ئەو دامەزراوە
نێودەوڵەتییە، دوای ئەوەی پێشتر لە تشرینی دووەمی 2024دا فەرمانی دەستگیرکردنی
ئاشکرای بۆ هەریەک لە بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران، و یۆئاف گاڵانت، وەزیری
پێشووی بەرگریی ئیسرائیل دەرکرد. هاوکات، دادگاکە سەرجەم تانە یاسایی و
ناڕەزایەتییەکانی ئیسرائیلی سەبارەت بە دەسەڵاتی دادگاکە بەتەواوی ڕەتکردووەتەوە.
لەلایەکی
دیکەوە، جگە لە سمۆتریچ، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هەوڵ و بەدواداچوون هەیە بۆ
دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن یان لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ئیتمار بن گڤیر، وەزیری
ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیلیش.
119 جار خوێندراوەتەوە