جێگری سەرۆکی ئەمەریکا: خەڵکی کوردستانمان خۆشدەوێت و ترەمپ نایەوێت شەڕ لەگەڵ ئێران بکات

KNN : Kurdish News Network
09:14 - 20/05/2026
جیهان
+
-

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی نایەوێت هیچ جۆرە هێرشێک بکرێتە سەر هاوڵاتییانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەش دەکات سەرەڕای پێشێلکارییەکان، بەڵام لە چوارچێوەی ئاگربەستەکەدا توندوتیژییەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بوونەتەوە و ئیدارەی ترەمپیش نایەوێت شەڕ لەگەڵ ئێران هەڵبگیرسێنێت."


جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە دڵنیاییەوە خەڵکی کوردستانیان خۆشدەوێت و نایانەوێت هیچ جۆرە هێرشێکی درۆنی یان مووشەکی بکرێتە سەر هاوڵاتییانی مەدەنی.


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، هەبوونی پێشێلکاری لە کاتی ئاگربەستەکاندا شتێکی نامۆ نییە و پێشتریش لە غەززە بینراوە، بەڵام لە دوایین هەفتەکانی ئاگربەستەکەدا ڕێژەی توندوتیژییەکان زۆر کەم بوونەتەوە.


سەبارەت بە پرسی ئەتۆمیی ئێران، جەی دی ڤانس جەختی لە بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، ئیدارەی ترەمپ پێشکەوتنی گەورەی لە دانوستانەکاندا بەدەستهێناوە. وتیشی: "ئەم پرسە دوو ئاراستەی هەیە، یان شەڕ دەستپێدەکەینەوە کە ئەمە خواستی سەرۆک نییە، یان ڕێککەوتن دەکەین، کە ئێستا تەواوی سەرنجمان لەسەر ئەوەیە."


لە درێژەی قسەکانیدا، ڤانس ئێرانی بە وڵاتێکی "زۆر ئاڵۆز" وەسف کرد و دووپاتی کردەوە کە واشنتن بە تەنیا بەڵێنی ئێران قبوڵ ناکات بۆ دروستنەکردنی چەکی ناوەکی، بەڵکو دەیەوێت گرەنتی ئەوە بەدەستبهێنێت کە تاران نەتوانێت توانای ئەتۆمیی خۆی بونیاد بنێتەوە، تەنانەت بۆ چەندین ساڵ دوای کۆتاییهاتنی سەرۆکایەتیی ترەمپیش.

163 جار خوێندراوەتەوە