ئێران کۆتا مەرجەکانی بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرا دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:39 - 19/05/2026
جیهان
+
-

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران مەرج و پێشنیازەکانی تارانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرا کرد، کە گرنگترینیان دانپێدانانە بە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم، کۆتاییهێنان بە جەنگ لە سەرجەم بەرەکان لەنێویاندا لوبنان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە دەوروبەری ئێران.

 

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، لە میانی ئامادەبوونی لە لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی بۆ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر ڕەوتی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن، ڕایگەیاند: مەرجەکانی دیکەی ئێران بریتین لە "هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، ئازادکردنی سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران، قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بەمەبەستی ئاوەدانکردنەوە و کۆتاییهێنان بە سەرجەم سزاکانی یەکلایەنە و بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش".

 

لە دوای ئاگربەستە لەرزۆکەکەی نێوان هەردوو وڵات لە 8ی نیسانی ئەمساڵەوە، ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی دانوستانی ڕاستەوخۆ و ئاڵوگۆڕکردنی پەیامەوە لە ڕێگەی دەوڵەتی پاکستانەوە، سەرقاڵی هەوڵدانن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ.

 

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر پێشنیازەکانی ئێرانی بە "بێمانا" ناوبردبوو و دوێنێ دووشەممەش هۆشداری دا، ئەگەر لە ماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژی داهاتوودا ڕێککەوتن نەکرێت، ئەوا جارێکی دیکە هێرشی سەربازی دەکەنەوە سەر ئێران.

 

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر داوای سەرکردەکانی سێ وڵاتی عەرەبیی کەنداو، هێرشێکی سەربازیی پلانبۆداڕێژراوی بۆ سەر ئێران کە بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجام بدرێت، دواخستووە.

560 جار خوێندراوەتەوە