رۆیتەرز: شەڕی دژ بە ئێران زیانی 25 ملیار دۆلاری بە کۆمپانیا جیهانییەکان گەیاندووە

KNN : Kurdish News Network
12:16 - 18/05/2026
ئابوری
+
-

بەپێی شیکارییەکی نوێی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تا ئێستا لانی کەم (25) ملیار دۆلار زیانی خستووەتە سەر شانی کۆمپانیا جیهانییەکان و ئاستی زیانەکانیش هێشتا لە بەرزبوونەوەدان.

 

لە پێداچوونەوەیەکدا بۆ ڕاگەیەندراوی کۆمپانیاکانی ئەمریکا، ئەوروپا و ئاسیا لە سەرەتای جەنگەکەوە، دەرکەوتووە کە قەیرانەکە وێنایەکی مەترسیداری بۆ بازاڕی کار دروست کردووە.

 

 کۆمپانیاکان بەدەست بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی وزە، پچڕانی زنجیرەکانی دابینکردن، و پچڕانی ڕێڕەوە بازرگانییەکانەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئێران گەرووی هورمزی داخستووە. بەپێی شیکارییەکە، لانی کەم (279) کۆمپانیا بەهۆی جەنگەکەوە ناچار بوون ڕێکاری خۆپارێزی بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیانە داراییەکانیان، وەک بەرزکردنەوەی نرخەکان و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان. هەروەها بەشێکیان پشکەکانیان ڕاگرتووە، کارمەندەکانیان ناردووەتەوە ماڵەوە، یان داوای هاوکاریی بەپەلەیان لە حکومەتەکان کردووە.

 

ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە، داخستنی گەرووی هورمز کە گرنگترین خاڵی ستراتیژیی وزەیە لە جیهاندا، نرخی نەوتی بۆ سەروو (100) دۆلار بەرزکردووەتەوە، کە دەکاتە لە 50٪ زیاتر بەراورد بە کاتی پێش جەنگەکە.
لەم نێوەندەشدا، هێڵەکانی فڕۆکەوانی گەورەترین پشکی زیانەکانیان بەرکەوتووە کە نزیکەی (15) ملیار دۆلارە، ئەمەش بەهۆی دوو هێندەبوونی نرخی سووتەمەنیی فڕۆکەوە.

 

هاوکات کۆمپانیا گەورەکانی دیکەش زەنگی مەترسییان لێداوە، بۆ نموونە کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی هۆشداری داوە لە زیانێکی (4.3) ملیار دۆلاری و کۆمپانیای (P&G)ش پێشبینی زیانی یەک ملیار دۆلار دەکات.

 

مارک بیتزەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ویرڵپوول، دۆخەکەی بە قەیرانی دارایی جیهانی چواندووە و ڕایگەیاندووە کە ئاستی پاشەکشەی پیشەسازی تەنانەت لە قۆناغەکانی دیکەی دابەزینی ئابووریش زیاترە.

50 جار خوێندراوەتەوە