لە هەنگاوێکدا
بۆ پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەریەک لە
بەریتانیا و ئیتاڵیا هێز و سیستەمی نوێی سەربازی ڕەوانەی ناوچەکە دەکەن، کە خۆی لە
جێگیرکردنی سیستەمێکی نوێی دژەدرۆن و دوو کەشتیی مینلابەردا دەبینێتەوە.
حکومەتی
بەریتانیا ڕایگەیاند، سیستەمێکی نوێی چەکی دژەدرۆن بە تێچوویەکی کەم لە
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر دەکات. بەپێی
بەیاننامەیەکی حکومەت کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ئەم هەنگاوە لە ڕێگەی
تێکەڵکردنی سیستەمێکی نوێی چەک لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری "تایفۆن"
ئەنجام دەدرێت، کە ڕێگە دەدات ئامانجەکان بە وردییەکی بەرز و تێچوویەکی زۆر کەمتر
لە مووشەکی دیکە تێکبشکێنرێن.
بەریتانیا لە چوارچێوەی ئەرکێکی بەرگریی
فرەنەتەوەییدا، بە درۆن، فڕۆکەی جەنگی، ئامێری خۆکار بۆ دۆزینەوەی مین و
تێکشکێنەری جەنگیی "دراگۆن" بەشداری دەکات.
لەلایەکی
دیکەوە، ئیتاڵیا دوو کەشتیی مینلابەری بە ناوەکانی "کرۆتۆنی" و
"ریمینی" بەرەو ناوچەیەکی نزیک لە گەرووی هورمز بەڕێکردووە.
کەشتییەکان لە
دوورگەی سیقڵییەوە بەڕێکەوتوون و بە نۆکەندی سوێس و دەریای سووردا تێدەپەڕن تا
دەگەنە جیبۆتی و پاشان بۆ ناوچەی مەبەست.
ئامانج لەم هەنگاوە دابینکردنی ئاسایشی
کەشتیوانی و ئامادەکارییە بۆ بەشداریکردن لە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی ناوچەکەدا،
بەڵام بەشداریکردنی فەرمیی سوپای ئیتاڵیا پێویستی بە ڕەزامەندیی پەرلەمانی ئەو
وڵاتە هەیە.
132 جار خوێندراوەتەوە