پزیشکیان: دوای نەمانی دۆخی نائەمنی، هاتووچۆ لە گەرووی هورمز ئاسایی دەبێتەوە

KNN : Kurdish News Network
09:40 - 16/05/2026
جیهان
+
-

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، پەیامێکی فەرمی ئاراستەی پاپا لیۆی چواردەهەم پاپای ڤاتیکان کرد و تێیدا چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، دانوستانە دیپلۆماسییەکان و چارەنووسی گەرووی هورمزی خستووەتە ڕوو.
پزیشکیان لە پەیامەکەیدا، رایگەیاندووە، "پێزانینمان بۆ هەڵوێستی ئەخلاقی و لۆژیکیی پاپای ڤاتیکان لە بەرامبەر دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەم دواییەی سەر ئێران هەیە".

 

سەبارەت بە دۆخی دیپلۆماسی و گفتوگۆکان، سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتەکەی، سەرەڕای خیانەتە بەردەوامەکانی حکومەتی ئەمریکا لە مێزی گفتوگۆ و دیپلماسی، پێشوازی لە نێوەندگیریی وڵاتی پاکستان کردووە و بە شێوازێکی ڕاستگۆیانە و پیشەیی چوونەتە ناو دانوستانەکانی ئیسلام ئابادەوە.

 

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ و لەبارەی گرژییەکانی ناوچەکە و ئاسایشی دەریاوانی، پزیشکیان ڕایگەیاندووە؛ دوای نەمانی دۆخی نائەمنیی ئێستا، بارودۆخی هاتوچۆ لە گەرووی هورمزدا بۆ دۆخی ئاسایی خۆی دەگەڕێتەوە.

 

جەختیشی کردووەتەوە کە ئێران لە پێناو بەهێزکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بۆ هاتوچۆی ئەم ڕێڕەوە دەریاییە ستراتیژییە، میکانیزمی چاودێری و کۆنترۆڵکردنی کاریگەر و پیشەیی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا جێبەجێ دەکات.

46 جار خوێندراوەتەوە