ترەمپ: کەسی دووەمی داعشمان لەسەر ئاستی جیهان لەناوبرد

KNN : Kurdish News Network
08:51 - 16/05/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان هێزەکانی وڵاتەکەی و هێزە چەکدارەکانی نەیجیریادا، ئەبو بیلال ئەلمینۆکی، کەسی دووەمی ڕێکخراوی داعشیان لەسەر ئاستی جیهان کوشتووە.

 

ترەمپ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووز سۆشاڵ" بڵاویکردەوە: "ئەمشەو بە ڕێنمایی و فەرمانی من، هێزە ئازاکانی ئەمریکا و هێزە چەکدارەکانی نەیجیریا، ئۆپەراسیۆنێکی پێشوەختە پلان بۆ داڕێژراو و زۆر ئاڵۆزیان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد، بۆ سڕینەوەی چالاکترین تیرۆریستی جیهان لە مەیدانی جەنگدا."

 

 سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەلمینۆکی پێی وابووە دەتوانێت لە ئەفریقا خۆی حەشار بدات، بەڵام سەرچاوەکانی ئەوان بەردەوام زانیاریی وردیان لەسەر جووڵە و کارەکانی پێداون، هۆکاریش بوون بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە. ترەمپ لە بڵاوکراوەکەیدا شوێنی وردی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەی ئاشکرا نەکردووە.

 

بەپێی تۆماری فیدراڵیی ئەمریکا، ئەبو بیلال ئەلمینۆکی کە خاوەنی ڕەگەزنامەی نەیجیرییە، لە ساڵی 2023دا لەلایەن ئیدارەی پێشووی جۆ بایدنەوە وەک "تیرۆریستی جیهانیی دەستنیشانکراو" پۆلین کرابوو.

 

سەرۆکی ئەمریکا کە پێشتر حکومەتی نەیجیریای بە لادان لە پاراستنی مەسیحییەکان لە دەست چەکدارە ئیسلامییەکان لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەکرد، لەم پەیامەیدا سوپاسی حکومەتی نەیجیریای کرد بۆ هاوبەشیکردنیان لەم ئۆپەراسیۆنەدا.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی نەیجیریا هەر جۆرە جیاکارییەکی ئاینی ڕەت دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت هێزە ئەمنییەکانیان ئەو گرووپە چەکدارانە دەکەنە ئامانج کە هێرش دەکەنە سەر مەسیحی و موسڵمانان بەیەکەوە.

 

پێشتر و لە مانگی کانوونی یەکەمدا، ئەمریکا چەندین هێرشی ئاسمانیی دژی چەکدارانی سەر بە داعش لە نەیجیریا ئەنجامدابوو، لەو کاتەشەوە واشنتۆن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 200 سەربازی بۆ مەشق پێکردن و پشتگیریی هەواڵگریی سوپای نەیجیریا ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە، بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی سەر بە داعش و قاعیدە کە لە ڕۆژئاوای ئەفریقا پەرە دەستێنن.

59 جار خوێندراوەتەوە