ترەمپ: ڕێککەوتنی بازرگانیی ناوازەمان لەگەڵ چین واژۆ کردووە لەبارەی ئێرانیشەوە هاوڕاین

KNN : Kurdish News Network
08:49 - 15/05/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆتایی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ پەکین، ئەنجامی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین بە "سەرنجڕاکێش" وەسف کرد و ڕایگەیاند، هەردوو وڵات گەیشتوونەتە چەندین ڕێککەوتنی بازرگانیی گەورە و لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێرانیش هاوڕان.


لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ پەکین، دۆناڵد ترەمپ لە کاتی پیاسەکردن لە باخچەی "ژۆنگ نان های" لەگەڵ هاوتا چینییەکەی، ڕایگەیاند کە سەردانەکەی ئەنجامی زۆر باشی هەبووە و وتی: "ڕێککەوتنی بازرگانیی زۆر ناوازەمان واژۆ کردووە کە بۆ بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتە." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، پەکین و واشنتن هاوڕان لەسەر ئەوەی نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و دەبێت گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایییان بێت.


لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە چین ڕەزامەندیی نیشانداوە بۆ کڕینی 200 فڕۆکەی کۆمپانیای "بۆینگ"، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆمپانیاکە تەنها داوای 150 فڕۆکەی کردبوو. ترەمپ باسی لەوەش کرد کە چین سەدان ملیار دۆلار لەگەڵ سەرکردە بازرگانییەکانی ئەمریکا لە کەرتی تەکنەلۆژیادا وەبەرهێنان دەکات، کە ئەمەش هەلی کاری زۆر بۆ ئەمریکییەکان دەڕەخسێنێت.


سەرباری کەشە گەرموگوڕەکەی نێوان هەردوو سەرۆک، پرسی "تایوان" وەک خاڵێکی هەستیار مایەوە. شی جین پینگ، سەرۆکی چین هۆشدارییەکی توندی دایە ترەمپ و ڕایگەیاند، پرسی تایوان گرنگترین بابەتە لە پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا و ئەگەر بە دروستی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی پێکدادان و ململانێی سەربازی لە نێوان هەردوو زلهێزەکەدا.


لە ناوخۆی ئەمریکاش، چەک شومەر، سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیران، ڕەخنەی توندی لە ترەمپ گرت و تۆمەتباری کرد بەوەی لە بەرامبەر هۆشدارییەکانی سەرۆکی چین سەبارەت بە تایوان بێدەنگ بووە و نەیتوانیوە بە توندی وەڵامی بداتەوە. شومەر جەختی کردەوە کە نابێت ترەمپ بەرژەوەندییەکانی تایوان و کرێکارانی ئەمریکا لە پێناو ڕێککەوتنی بازرگانیدا بفرۆشێت.

206 جار خوێندراوەتەوە