عێراقچی: نەبەزێندراوین؛ ئامادەین بۆ شەڕ و بۆ دیپلۆماسیش

KNN : Kurdish News Network
10:06 - 14/05/2026
جیهان
+
-

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی نەبەزێنراوە و ئامادەیە بۆ پاراستنی دیپلۆماسی، هاوکات داواش لە وڵاتانی ئەندام لە گرووپی بریکس دەکات سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بکەن.

 

لە میانی وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی لوتکەی بریکس، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە بۆ هەمووان ڕوون بێت کە ئێران وڵاتێکی نەبەزێنراوە و هەر کاتێک بکەوێتە ژێر فشارەوە، بەهێزتر و یەکگرتووتر لە جاران دەردەکەوێت. وتیشی: "هەروەک چۆن ئامادەین بە هەموو توانامانەوە بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و خاکەکەمان بجەنگین، بە هەمان شێوەش ئامادەین بۆ گفتوگۆ و دیپلۆماسی."

 

عێراقچی جەختی لەوەش کردەوە، ئێرانییەکان هەرگیز لەبەردەم هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا سەردانەنوێنین، بەڵکو وەڵامی زمانی ڕێز بە ڕێز دەدەنەوە. ئەوەشی خستەڕوو: "هەرچەندە هێزە چەکدارە بەهێزەکانمان ئامادەن وەڵامێکی کەمەرشکێن و وێرانکەر بە دەستدرێژیکارانی دەرەکی بدەنەوە، بەڵام گەلەکەمان ئاشتیخوازە و خوازیاری شەڕ نییە."

 

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە وڵاتانی ئەندام لە بریکس و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بە ڕاشکاوی سەرپێچیکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە و دەستدرێژییە نایاساییەکانیان بۆ سەر ئێران سەرکۆنە بکەن. ڕاشیگەیاند، پێویستە ڕێگری بکرێت لە بەسیاسیکردنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ وەستاندنی شەڕانگێزی و کۆتاییهێنان بە پارێزبەندیی ئەو لایەنانەی سەرپێچیی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن.

 

لە کۆتاییشدا عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، بریکس دەتوانێت و پێویستە ببێتە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی داڕشتنی سیستمێکی جیهانیی دادپەروەرانەتر و مرۆڤدۆستانەتر، کە تێیدا هەرگیز هێز جێگەی حەق نەگرێتەوە و ڕایگەیاند: "ئەو نەتەوانەی بۆ کەرامەت و سەربەخۆیی خۆیان ڕادەوەستن، ڕەنگە سەختییەکی زۆر بچێژن، بەڵام هەرگیز تێکناشکێن."

 

سەبارەت بە گەرووی هورمزیش وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: لە ڕوانگەی ئەوانەوە گەرووی هورمز بەڕووی سەرجەم کەشتییە بازرگانییەکاندا کراوەیە و هیچ ڕێگرییەک بۆ هاتوچۆکردنیان نییە.

 

لە هەمان کاتدا، ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە کراوەیی گەرووەکە مەرجدارە، و پێویستە لەسەر سەرجەم ئەو کەشتییە بازرگانییانە لە کاتی تێپەڕبوونیاندا بەتەواوی هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هێزە دەریاییەکانیاندا بکەن.

75 جار خوێندراوەتەوە