بڕیارە کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر کارنامەی وەزاری و متمانەدان بە حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، ئەمەش وەک وێستگەیەکی گرنگ بۆ تەواوکردنی مافە دەستوورییەکان و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی حکومڕانی کە چوار ساڵ دەخایەنێت، سەیر دەکرێت.
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، کەشێکی ئەرێنی باڵی بەسەر گۆڕەپانی سیاسیدا کێشاوە، ئەوەش بەهۆی ئەو بەرەوپێشچوونە ڕوونەی لە گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکاندا هەیە و تا ئێستاش (17) پۆستی وەزاری یەکلایی کراونەتەوە، گفتوگۆکانیش بۆ تەواوکردنی پۆستەکانی دیکەی کابینەکە بەردەوامن. بەپێی خشتەی کارەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش، کۆبوونەوەکە تەنها یەک بڕگە لەخۆدەگرێت کە تایبەتە بە دەنگدان لەسەر کارنامە و کابینەی حکومەت، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ بوونی ئیرادەیەکی سیاسیی هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی حکومەت لە کاتە دەستوورییەکاندا.
لەو چوارچێوەیەدا، سیهام موسەوی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی بەدر بە ڕۆژنامەی (سەباح)ـی ڕاگەیاندووە: "پەرلەمان ئامادەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسایی کۆبوونەوەکە ئەنجام بدات"، ئاماژەی بەوەشکردووە کە کەشوهەوای گشتی پیشاندەری ئامادەیی سیاسییە بۆ هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی حکومەت بە جۆرێک کە لەگەڵ خواستەکانی قۆناغی داهاتوودا بگونجێت.
لای خۆیەوە، ئەحمەد کایین خەزعەلی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی (سادیقون) ڕایگەیاند: "ژمێریاری پێچەوانە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی حکومەت بە کرداری دەستی پێکردووە"، ڕوونیشیکردەوە کە کارنامەی وەزاری لەلایەن پەرلەمانتارانەوە تاوتوێ دەکرێت، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ بڕیاردان لەسەری لەناو کۆبوونەوەکەدا.
هەر لەو بارەیەوە، ڕەحیمە حەسەن جبوری، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی (ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان) ئاشکرایکرد: "کابینەی وەزاری خەریکە تەواو دەبێت دوای یەکلاییکردنەوەی (17) وەزارەت"، ئاماژەی بەوەشکردووە کە قۆناغی داهاتوو خستنەڕووی پۆستە وەزارییەکانی دیکە لە پەرلەمان بەخۆیەوە دەبینێت.
127 جار خوێندراوەتەوە