سەرۆکی چین: پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا چڕدەکەینەوە

KNN : Kurdish News Network
09:00 - 14/05/2026
جیهان
+
-

سەرۆکی چین ڕایگەیاند، پەکین و واشنتن لە چوارچێوەیەکی نوێدا پەیوەندییەکی ستراتیژی، بونیادنەر و سەقامگیر بنیاد دەنێن، جەختیش دەکاتەوە کە ڕاوێژکردن لەسەر بنەمای یەکسانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا تاکە بژاردەی دروستە.

 

جینپینگ، سەرۆکی چین لە میانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، شی ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان وڵاتەکەی و واشنتن بەرژەوەندییەکی هاوبەشە و کار دەکەن بۆ زیاترکردنی هەماهەنگییەکانیان لە بوارەکانی بازرگانی، تەندروستی، گەشتیاری، کشتوکاڵ و جێبەجێکردنی یاسادا، هاوکات ئاشکراشی کرد کە پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا چڕتر دەکەنەوە.

 

سەرۆکی چین داواشی لە ئەمریکا کرد بەوپەڕی داناییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی تایواندا بکات و ڕایگەیاند: "پێویستە ئێمە و ئەمریکا کار بکەین بۆ پاراستنی ئەو پێشکەوتنە ئەرێنییەی لە پەیوەندییەکانماندا هەیە، کە بە سەختی بەدەست هاتووە."

 

لەلایەکی دیکەوە، تەلەڤیزیۆنی فەرمی چین و سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە، لە کۆبوونەوەکەی نێوانیاندا، شی جینپینگ و دۆناڵد ترەمپ بیروڕایان سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئۆکرانیا و نیمچەدورگەی کۆریا ئاڵوگۆڕ کردووە.

119 جار خوێندراوەتەوە