کورد بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن دەکات

KNN : Kurdish News Network
04:01 - 13/05/2026
کوردستان
+
-

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نوێترین پێشهاتەکانی پرۆسەی یەکگرتنەوەی سەربازی و کارگێڕی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و چارەنووسی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرا دەکات

 

 

عەبدی ڕایگەیاند، پێشکەوتنی بەرچاو لە مەلەفی یەکگرتنی سەربازی و وەرگرتنی ئەرک لە ئەکادیمیاکان بەدەستهاتووە، بەڵام هێشتا پرسی ژمارەی هێزەکان وەک گرێ کوێرە لە پێکهاتە سەربازییەکان و هێزەکانی ناوخۆدا ماوەتەوە

 

لەبارەی دۆخی کارگێڕی و پرسی زمان، فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە لێکتێگەیشتن هەیە بۆ دوورنەخستنەوەی هیچ فەرمانبەرێکی بەڕێوەبەریی خۆسەر و کارەکان بۆ چارەسەری کێشەی دادوەران بەردەوامە

 

 

سەبارەت بە لابردنی تابلۆی کوردی لە کۆشکی داد لە حەسەکە، عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت بە دامەزراوەیەکی سەروەریی دەزانێت، بەڵام ئەوان تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی و بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە قبوڵیان کردووە و لە ناوچەکانی دیکە زمانەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە

 

مەزڵوم عەبدی مژدەی بە خوێندکارانیش دا و ڕایگەیاند: ڕێککەوتنی بەرایی کراوە بۆ دانپێدانان بە بڕوانامەکانی ئامادەیی و ناوەندیی بەڕێوەبەریی خۆسەر بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو ، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکان بۆ دانپێدانان بە بڕوانامە زانکۆییەکانیش بەردەوامن

 

سەبارەت بە دۆخی عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکان، عەبدی دووپاتی کردەوە کە حکومەتی سووریا بەڵێنی داوە دەستکاری هیچ کەسێک لە عەفرین نەکرێت و ئەولەویەتی ئەوان گەڕانەوەی موڵک و ماڵە تاڵانکراوەکان و ئاساییکردنەوەی ژیانە. هەروەها ئاشکرای کرد کە کار دەکەن بۆ ناردنی نوێنەر بۆ سەرێ کانی و تەل ئەبیەز بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان

 

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، مەزڵوم عەبدی باسی لەوە کرد کە کورد بە یەک گوتار و هەڵوێستی یەکگرتووەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی دیمەشقدا دەکات و داوای چەسپاندنی زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا دەکات. وتیشی: "ئێمە نزیکین لە ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق و پابەندین بە سەرخستنی، هەرچەندە کەموکوڕی تێدایە."

65 جار خوێندراوەتەوە