سەرچاوە
ئەمنییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد، حزبوڵای لوبنان بەرفراوانترین و بەهێزترین
هێرشی درۆنیی بۆ سەر باکووری ئیسرائیل ئەنجامداوە کە بەهۆیەوە دوو سەرباز
برینداربوون و ئاگر لە چەند پێگەیەک کەوتووەتەوە، هاوکات سوپای ئیسرائیلیش هۆشداری
چۆڵکردن دەداتە دانیشتووانی چەند شارۆچکەیەکی باشووری لوبنان.
ڕۆژنامەی (ئورشەلیم
پۆست)ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، هێرشە درۆنییەکەی
دوێنێی حزبوڵا بە هەماهەنگیکراوترین و گەورەترین هێرش دادەنرێت لە جۆری خۆیدا کە
کراوەتە سەر باکووری ئیسرائیل.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، لە هێرشی یەکەمدا دوو سەرباز برینداربوون و ئاگر لە پێگەیەک
کەوتووەتەوە، دوای نزیکەی کاتژمێرێکیش ژمارەیەک درۆنی دیکە ئاڕاستەی هەمان ئامانج
کراون.
لەلایەکی
دیکەوە، بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەهۆی ئاراستەکردنی موشەکەوە زەنگی
ئاگادارکردنەوە لە ناوچەی (زرعیت) لە کەرتی ڕۆژئاوای سنووری لوبنان لێدراوە.
هاوکات سوپای
ئیسرائیل ڕایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا حزبوڵا ژمارەیەک موشەکی ئاراستەی هێزەکانیان
لە باشووری لوبنان کردووە، بەڵام موشەکەکان لە نزیک سەربازەکان کەوتوونەتەوە و هیچ
زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
لە بەرامبەر
ئەو هێرشانەدا، سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی بەپەلەی دایە دانیشتووانی شارۆچکەکانی
(مەعشووق، یانووح، بورج شیمالی، حەلوسیەی فەوقا، دەبعال و عەباسیە) لە باشووری
لوبنان، بە مەبەستی چۆڵکردنی ناوچەکانیان و دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکان.
67 جار خوێندراوەتەوە