بەریتانیا هێزی ئاسمانی و دەریایی بۆ پاراستنی گەرووی هورمز ڕەوانە دەکات
حکومەتی بەریتانیا، ئهمڕۆ سێشەممە، بڕیاریدا بە ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، فڕۆکەی جەنگی و کەشتییەکی جەنگی بۆ ناوچەی کەنداو، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەرکێکی فرەنەتەوەیی بۆ دابینکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی حکومەتی بەریتانیا، بەشدارییەکەیان لەم ئەرکەدا چەندین کەرەستەی سەربازی پێشکەوتوو لەخۆدەگرێت، لەوانە سیستەمی خۆکار بۆ دۆزینەوەی مینە دەریاییەکان، فڕۆکەی جەنگی لە جۆری "تایفون" و کەشتییەکی جەنگی
ئاماژە بەوەش کراوە کە بودجەی ئەم ئەرکە بڕی 115 ملیۆن پاوەندی بۆ تەرخانکراوە، کە تایبەت دەبێت بە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دۆزەرەوەی مین و سیستەمی دژە درۆن
حکومەتی بەریتانیا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەم ئەرکە سەربازییە لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی فرەنەتەوەیی و بەرگریانە دەبێت، هاوکات ئەرکێکی سەربەخۆ و خاوەن متمانەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی لە ناوچەکەدا.
57 جار خوێندراوەتەوە