نەتەوە
یەکگرتووەکان لە نوێترین ڕاپۆرتیدا هۆشداری دەدات لە دابەزینی بەرچاوی ئاستی
ئازادیی ڕادەربڕین لە جیهاندا و ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا ئازادیی
ڕۆژنامەگەری بە ڕێژەی 10٪ پاشەکشەی کردووە، هاوکات تەنها لە ساڵی 2025دا 93
ڕۆژنامەنووس کوژراون.
ڕێکخراوی
نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە، زانست و ڕۆشنبیری (یونێسکۆ)، ڕاپۆرتێکی لەسەر
بارودۆخی ئازادیی ڕادەربڕین لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2025 بڵاوکردەوە. لە
ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەپێی پێوەرەکانی جیهانی بۆ ئازادیی ڕادەربڕین (V-Dem)،
لە ساڵی 2012ـەوە ئاستی ئازادیی ڕادەربڕین بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ئەمەش
بووەتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم گەیشتن بە زانیاریی باوەڕپێکراو و دروستکردنی
کۆمەڵگەیەکی کراوە و هۆشیار.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات، ڕێژەی خۆسانسۆرکردن لە
نێوان ڕۆژنامەنووساندا لە ساڵی 2012ـەوە بە ڕێژەی 63٪ زیادیکردووە، هەروەها هەوڵی
حکومەت و گرووپە دەسەڵاتدارەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میدیای تەقلیدی و دیجیتاڵی نزیکەی
48٪ زیاتر بووە. پاشەکشەکانیش تەنها لە بواری میدیادا نین، بەڵکو ئازادییە زانستی
و هونەرییەکانیش ساڵانە بە ڕێژەی 2.86٪ ڕوویان لە کەمبوونەوە کردووە.
لە بەشێکی
دیکەی ڕاپۆرتەکەدا باس لە مەترسییەکانی سەر ژیانی ڕۆژنامەنووسان دەکرێت، بە جۆرێک
تەنها لە ساڵی 2025ـدا (تا کاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە) 93 ڕۆژنامەنووس کوژراون،
بەتایبەت لە ناوچەکانی ململانێ و جەنگدا، هاوکات ژنانی ڕۆژنامەنووسیش زۆرترین جار
دەکرێنە ئامانجی هەڕەشەکان.
ڕاپۆرتەکە
هۆشداری داوە لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی چەواشەکارانە و وتاری ڕقکينە، بەتایبەت لە
ڕێگەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکردەوە، کە متمانەی گشتیی لاواز کردووە و ئاسایشی
نەتەوەیی لە زۆرێک لە وڵاتاندا خستووەتە مەترسییەوە. هەروەها سەبارەت بە دۆخی
ئەفغانستان، دووپاتی دەکاتەوە کە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، ئازادیی
ڕادەربڕین بە توندی پاشەکشەی کردووە و میدیاکان لەژێر سانسۆرێکی قورسدان.
138 جار خوێندراوەتەوە