ئێران هۆشداری توند دەداتە فەرەنسا و بەریتانیا لەبارەی ناردنی هێز بۆ گەرووی هورمز

KNN : Kurdish News Network
09:37 - 11/05/2026
جیهان
+
-

ئێران هۆشدارییەکی توند دەداتە فەرەنسا و بەریتانیا و ڕایدەگەیەنێت، هەر جۆرە ئامادەبوونێکی سەربازیی ئەو وڵاتانە لە گەرووی هورمز، ڕووبەڕووی وەڵامی ڕاستەوخۆ و یەکلاکەرەوە دەبێتەوە.

 

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، بڕیاری فەرەنسا بۆ ناردنی فڕۆکەهەڵگری "شارل دی گۆل" و هەنگاوەکانی بەریتانیا بۆ جێگیرکردنی کەشتییە جەنگییەکانیان لە دەریای سوور و گەرووی هورمز لەژێر بیانووی "پاراستنی کەشتیوانی"، بە هەنگاوێکی هاندەرانە و بەسەربازیکردنی ناوچەیەکی هەستیار هەژمار دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم جۆرە جووڵانە تەنها قەیرانەکان قووڵتر دەکەنەوە و پاساوێکە بۆ شاردنەوەی هۆکارە سەرەکییەکانی تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە.

 

بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردووەتەوە کە گەرووی هورمز موڵکی وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە نییە، بەڵکو کۆماری ئیسلامی ئێران وەک وڵاتێکی کەناراوی مافی سەروەری و دابینکردنی ئاسایشی ئەو گەرووەی هەیە. هۆشداریشی داوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران وەڵامێکی خێرا و یەکلاکەرەوەیان بۆ هەر کەشتییەکی فەرەنسی، بەریتانی یان هەر وڵاتێکی تر دەبێت کە لەو ناوچەیەدا هەماهەنگی لەگەڵ کارە نایاساییەکانی ئەمریکادا بکات.

183 جار خوێندراوەتەوە